لە یەك ساڵدا 55 هەزار و 896 هاوسەرگیری و 13 هەزار و 967 جیابوونەوە تۆمار دەكرێت
لە دادگاكانی هەرێمی كوردستاندا، بەراورد بە ساڵی 2021 حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران لە ساڵی 2022دا زیادیان كردووە. ئەوەش دەردەكەوێت كە 81 پیاو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ژنی دووەمیان هێناوە.
ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان ئامار و داتاكانی ساڵی 2022ی بڵاو كردەوە کە تایبەتە بە پڕۆسەی هاوسەرگیری و جیابوونەوە.
ئامارەكە هەموو داتاكانی لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم و دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان و كەركووك لەخۆ گرتووە.
بەپێی ئامارەكە كە كۆپییەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە، لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 55 هەزار و 896 مارەبڕین و پڕۆسەی هاوسەرگیری هەبووە و لە هەولێر و سلێمانی و گەرمیان بەراورد بە ساڵی 2021 پڕۆسەكە زیادی كردووە تەنیا لە دهۆك بڕێك كەمی كردووە.
ئاماژە بەوەش كراوە لە ساڵی 2022دا 13 هەزار و 967 حاڵەتی جیابوونەوە و تەڵاق تۆمار كراوە، كە بەراورد بە ساڵی 2021 تەنیا لە گەرمیان نەبێت لە هەموو پارێزگاكانی دیكە زیادی كردووە، چونكە ساڵی 2021 له ههرێمی كوردستان، 11 ههزار و 699 حاڵهتی جیابوونهوه تۆمار كراوە.
لەبارەی هۆكارەكانی جیابوونەوەش كۆمەڵێك هۆكار لە دادگاكان تۆمار كراون، لەواتە “نەگونجان و جیاوازیی تەمەن و نەزۆكی و خیانەتی هاوسەری و نەبوونی ماڵی جیا و مۆبایل و ئینتەرنێت و ژنی دووەم و هۆكاری ئابووری و كێشەی كۆمەڵایەتی.”
ئەوەش ڕوون كراوەتەوە لە هەرێمی كوردستان ڕێگەپێدان بە ژنهێنانی دووەم 81 حاڵەت هەبووە كە 46یان لە هەولێر و شەشیان لە سلێمانی و 29 حاڵەتیش لە دهۆك بووە.