مەسرور بارزانی: دەمانەوێت خزمەتگوزاریی هەژماری من بە هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بگات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: هەموو شتێک لە هەنگاوی یەکەمەوە دەستپێدەکات. ئەوەی ئێمە پێمانکراوە کردوومانە و بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی هەژماری من بە هەموو خەڵکی کوردستان بگات.

گفتوگۆ لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرباری پڕۆژەی هەژماری من:

ئایا هاووڵاتییان متمانەیان بە سیستەمی بانکی هەیە؟

دڵنیایی حکومەت بۆ ئەوان چییە؟

بەداخەوە تاکو ئێستا ئەوەی راستی بێت سیستەمێکی بانکی جێگیر لە هەرێمی کوردستاندا بوونی نەبووە، هەندێک موئەسەسە هەبوون کاری بانکییان کردووە، بەڵام وەکو سیستەمی بانکی پێشکەوتوو کە لە وڵاتانی پێشکەوتووی دونیادا هەیە لە کوردستان و بگرە لە هەموو عێراقیشدا وەکو پیوێست نەبووە، بۆیەش ئەم متمانەیە دروست نەکراوە. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیکەین هەم لەلایەکەوە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی قسەی زۆرمان کردووە و لەسەر ئەم بابەتە کاری زۆریشمان کرووە کە هاوکاری و هەماهەنگییەکی باش لەبەینی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵیدا هەبێت، لەلایەکی تریشەوە ئەم سیستەمە پێشکەوتووە بانکییەی کە لە دونیادا باوە، ئێمە بێنین لە کوردستان جێگیری بکەن و هەنگاوی پێویستیشی بۆ بهاوێژین. هەموو شتێک لە هەنگاوی یەکەمەوە دەستپێدەکات. ئەوەی ئێمە پێمانکراوە کردوومانە و بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی ئەم خزمەتگوزارییە بە هەموو خەڵکی کوردستان بگات و لە ئەنجامی کارەکانیشدا هیوادارم ئەو متمانەیە بۆ خەڵک دروستبێت و خەڵک زیاتر روو لەو کەرتە بکەن و زیاتر سوودمەندبن لێی.

بانکی تایبەت دەتوانێت ئەو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ بگرێت؟

ئێمە بڕوامان بە کارتی تایبەت هەیە، بە بانکی تایبەتیش هەیە، بەڵام ئەوانە ئەو بانکانەن کە متمانەیان لە بانکی ناوەندیی عێراق وەرگرتووە، کەواتە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەبەینی بانکی ناوەندیی عێراق و ئەو بانکانە هەیە، کە ئێمە بەکاریان دەهێنین بۆ جێبجێکردنی ئەم پڕۆژەیە. لەبەر ئەوەشە کە ئەو بانکانە دەتوانن ئەم کارە بکەن و ئەو رێنماییانەی کە حکومەتی فیدڕاڵ یان بانکی ناوەندیی هەیەتی لەسەر ئەو بانکانە جێبەجێدەکرێن و ئەوانیش پابەندەبن پێی.    

سوودەکانی ئەم پڕۆژەیە بۆ تاکی هاووڵاتی چین؟

لە هەموو شوێنێکی دونیا خەڵک هەیە دەچێت پارەی خۆی لە بانک دەدانێت، پێی وایە متمانەی پاراستنی سامانەکەی، پارەکەی لە بانک زیاترە، چونکە ئەبێت حکومەت بیپارێزێت. لە لایەکی ترەوە ئەو سوودانەی کە دەتوانێت لە بانک وەربگرێت، بۆ نموونە پارە کە لە بانک دایدەنێت بەشێکی ئەگەر وەکو پاشەکەوت بۆخۆی هەڵیگرێت سوودی دێتە سەر خۆی ئەوە دەستکەوتێکە بۆ ئەو هاووڵاتییە، لەلایەکی ترەوە ئەگەر سیستمی بانکی ئێمە بکەوێتەکار دەتوانێت وەکو قەرز پارە وەربگرێت، دەتوانێت لە ماوەی خۆیدا مووچەکانی خۆی وەربگرێت، دەتوانێت لە هەر شوێنێک دەتوانێت وەکو کارت سوودمەند بێت لە ئەکاونتی خۆی بۆ کڕینی ئەو کەرەستانەی کە پێویستە. ئەگەر هاووڵاتییەک بیەوێت سەفەری دەرەوە بکات، لە جیاتی ئەوەی خەمی ئەوەی بێت چۆن پارە ببات یان کێ بۆی تحویل بکات، دەکرێ متمانە بە کارتەکەی خۆی بکات و لە هەر کوێی دونیا بێت حیسابی خۆی بەکاربهێنێت، بانکەکەی خۆی بەرپرسە لەوەی حیسابەکەی بکەوێتەکار و ئیشەکەی پێ جێبەجێ بکات. لە زۆر رووەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت، هاووڵاتی لە هەموو وڵاتانی دونیای پێشکەوتوو روویان لەوەیە کە چۆن سوودمەندبن لەو هاوکارییانەی کە بانک پێشکەشی هاووڵاتییانی دەکات، لێرە بەداخەوە تائێستا ئەم جۆرە شتانەمان نەبووە، ئەمە یەکەم هەنگاوە بۆیە من پێم وایە ئەوە دەبێتە وەرچەرخانێکی گەورە لە بوژانەوەی ئابووری و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان، لەلایەکی تریشەوە دەتوانێت یارمەتی خودی حکومەت بدات لە مەسەلەی شەفافیەتدا لە مەسەلەی رێگریکردن لە سپی کردنەوەی پارەیە لە زۆر شتی تر کە ئەم پەیوەندییە دروست بکرێت هەموو لایەک تێیدا سوودمەند دەبن.

ئایا ئەم سیستەمە نوێیەی بانک پەیوەندی بە پڕۆسەی چاکسازییەوە هەیە؟

ئەگەر ئابووری وڵاتێک هەموو پشتبەستنی لەسەر کاش بوو، هێنان و بردینی کاش زۆر زەحمەتە کۆنترۆڵ بکرێت، ئێمە بە تەماین ئەو پارەیە هەمووی بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی لەژێر چاودێری فەرمی حکومەت و دامەزراوەکانی کە هەن ئەو کارە بکرێت، ئەمە تەنیا لە هەرێمی کوردستان نییە، لە هەرێمی کوردستانە لە حکومەتی فیدراڵییە بەستراوەتەوە بە تۆڕێکی نێودەوڵەتی کە چاویان لەسەرە لە ‌هێنان و بردن، مەبەست لێی رێگریکردن نییە لە هێنان و بردنی پارە، تەنیا ئەوەیە کە ئەو کەسەی پارەیەکی پاکی هەیە دەتوانێت زۆر بێ منەتی هەموو لایەک پارەکەی خۆی بەکاربێنێت، لێرە بەکاری دهێنێت دەیباتە دەرەوە، بەڵام بە شەفافیەت ئەو کارە دەکرێت. ئێمەش کە دەڵێین چاکسازی دەکەین چاکسازییەکەمان بۆ ئەوەیە زیاتر یارمەتی هاووڵاتییان بدەین و ئاسانکاریان بۆ بکەین، نەک بە زەحمەتتری بکەین، پێم وایە ئەم پرۆسەیە هەم هاوکاری هاووڵاتییان دەکات هەم لە رووی چاکسازییەوە هاوکاری حکومەت دەکات، هەم لە رووی چاودێری نێودەوڵەتیشەوە دەکرێت کوردستان بچێتە ئاستێکی زۆر بەرزتر لەوەی کە مامەڵە لەگەڵ پارەی کاش دەکرێت ئەمڕۆ.

دڵخوازەكانتان