ئەمساڵ بە فەرمی هیچ کەسێك بۆ یادى ٣٥ ساڵەى کیمیابارانى هەڵەبجە بانگهێشت نەکراوە

بەڕێوەبەرى گشتیى شەهیدان و ئەنفالکراوانى هەڵەبجە رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ بە فەرمی هیچ کەسێکیان بۆ یادى ٣٥ ساڵەى کیمیابارانى هەڵەبجە بانگهێشت نەکردووە. دەشڵێ: “دەرگامان بۆ هەموو میوانانی ناوخۆ و بیانى کراوەیە و، سبەی سەرلەبەیانى سەعات ١٠ مەراسیمی ١٦\٣ لە گۆڕستانى شەهیدان بەڕێوە دەچێت”.

کامەران مستەفا، ڕاگەیاند: “لە ٣٥ ساڵەى کیمیابارانکردنى هەڵەبجەدا یادى جینۆسایدکردنى ئەو شارە بەرز ڕادەگرین، دەمانەوێ ئەو ڕۆژە بە شکۆداری بمێنێتەوە و نەوە دواى نەوە ئاشنا بکرێت بە دڕەندەیى ڕژێمى ئەوکاتى عێراق بەرامبەر بە گەلەکەمان”.

مستەفا گوتیشى: “هیچ بەرپرس و میوانێک لە ناوخۆ و دەرەوە بانگهێشت نەکراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکەین خەڵکێکى زۆر خۆى بەشدار بێت، ئێمە دەرگامان بۆ هەموو کەسێک واڵایە”.

دەشڵێ: “لە مەراسیمى ١٦\٣\٢٠٢٣ لە بەردەم پەیکەرى نزا لە گۆڕستانى شەهیدان تاجەگوڵینە دادەندرێت، لە مۆنۆمێنتى شەهیدانیش چەندین چالاکى بەڕێوە دەچن، کە لە سەعات ١٠ى سەرلەبەیانى مەراسیمەکان دەست پێدەکەن”.

ناوبراو ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد: “ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتیى شەهیدان، نوێنەرى کەسوکارى شەهیدانین، یادەکەش وەک خۆى بەڕێوە دەبەین کە شایەن بە قوربانیانى هەڵەبجە بێت، هیچ کەس و لایەنێکیش بە فەرمى بە ئێمەى نەگوتووە کە یادەکە بایکۆت دەکات”.

دڵخوازەكانتان