120 ساڵ به‌سه‌ر له‌دایكبوونی مەلا مستەفا بارزانی تێده‌په‌ڕێت

مەلا مستەفا کوڕی شێخ محەممەد کوڕی شێخ عەبدولسەلام بارزانییە، لە 14ی ئاداری ساڵی 1903 لە بارزان لەدایکبووە. ئه‌مڕۆ 120 ساڵ به‌سه‌ر له‌دایكبوونیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، كه‌ ته‌واوی ژیانی خۆی بۆ شۆڕش و خه‌بات له‌ پێناو مافه‌كانی گه‌لی كورد ته‌رخان كرد.

جه‌نه‌راڵ مەلا مستەفا بارزانی، رابەری مەزنترین شۆڕشی مێژووی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستانە، ئەو لە تەواوی تەمەنی سڵی نەکردەوە لە داواکردنی مافەکانی خەڵک و خەباتکردن بۆ وەدیهاتنی خواستە نەتەوەییەکان، لە دوای خۆشی رێبازێکی پڕ رێبواری بۆ داخوازییە نیشتمانی و نەتەوەییەکان بەجێهێشتووە و بووەتە سەرمەشق و نموونەی باڵای حەقانییەت و داخوازی نەتەوەیی و مافخوراوان.

مەلا مستەفا بارزانی، لە قۆناغێكی مێژووی و چارەنووسسازدا، خەباتی دژی داگیركەرانی خاوەن هێز و پشتیوان هەڵبژارد، كە گەلی كورد لە سەردەمێكی پڕ لە ئازار و نەهامەتی دەژیا، جگە لە خوا و رەوایی دۆزەكەی و ئامادەیی رۆڵەكانی بۆ مەرگ لە پێناو ئازادی، هیچ پشت و پەنایەكی دیكەیان شك نەدەبرد، بەڵام ئیرادەی بەهێز و باوەڕبەخۆبوون و رەوایی دۆزەكەی، بۆ چركەیەك بڕوای ئەو سەركردە مێژووییەی كوردیان لەق نەكرد و ئازایانە خەباتی بۆ نەتەوەكەی كرد ‌و لەو رێگەیەشەوە، میراتێكی گەورەی لە خەبات، دژی ستەم و زۆرداری بۆ رۆڵەكانی بەجێهێشت.

ژیان و وێستگەكانی خەبات و تێكۆشانی مەلا مستەفا بارزانی:

– مەلا مستەفا بارزانی پێنجەمین و دوایین كوڕی شێخ محەمەدی بارزان، لە 14/3/1903 لە گوندی بارزان لە دایكبووە.

– ساڵی 1904 شێخ محەمەدی باوكی، كۆچی دوایی دەكا و برا گەورەكەی، شێخ عەبدولسەلام ئەركی رێبەرایەتیكردنی بارزانییەكان لە ئەستۆ دەگرێت.

– تەمەنی مەلا مستەفا 3 ساڵ دەبێت كاتێك هێزەكانی سوپای عوسمانی پەلاماری ناوچەكەیان دەدەن و شێخ عەبدولسەلامی برا گەورەی، بەدیل دەگرن و مەلا مستەفا و دایكیشی، رەوانەی بەندیخانە دەكەن، ماوەی نۆ مانگ لە بەندیخانە دەمێننەوە.

– بەهۆی شێلگیری لەسەر مافەكانی خەڵكی كوردستان و خەبات لە رێگەی سەربەخۆیی كوردستان، شێخ عەبدولسەلام بارزانی، لە ساڵی 1914 لە مووسڵ لە سێدارە دەدرێت.

– ساڵی 1919 مەلا مستەفا، بە هانای جووڵانەوەی شێخ مەحموودی حەفید لە سلێمانیەوە دەچێت‌ و سەرپەرشتی هێزێكی چەكداری 300 كەسی كردووە.

– ساڵی 1920 شێح ئەحمەدی بارزان، بە نوێنەرایەتی خۆی، مەلا مستەفا رەوانەی باكووری كوردستانی دەكات بۆ ئەوەی چاوی بە شێخ سەعیدی پیران بكەوێت و هەماهەنگی لەگەڵ شۆڕشەكەی دروست بكات.

– لە نێوان ساڵانی 1931 – 1932 سەرپەرشتیی هێزێكی بارزانییەكان دەكات، بۆ بەرگریكردن لە دەڤەری (مێرگەسۆر – شێروان) لە بەرامبەر هێزی دای ئینگلیزەكان، لەو شەڕەدا بە هۆی لێهاتوویی و كارزانییەوە، ناوبانگێكی زۆری بەدەست هێنا و توانیوویەتی ناوچەكە بپارێزێت.

– مەلا مستەفا بارزانی، سەركردایەتی شۆڕشەكانی بارزان، لە ساڵانی 1943 و 1945 لە باشووری كوردستان كردووە.

– ساڵی 1934دا لەگەڵ شێخ ئەحمەدی بارزانی و ژمارەیەك تێكۆشەری ناوچەكە، روویان كردووه‌تە توركیا بۆ ئەوەی داوای مافی پەنابەریەتی بكەن، دواتر بە هۆی وتوێژەوە گەڕانەوە عێراق و لەلایەن ئینگلیزەكان و دەسەڵاتی ئەو كاتەی عێراق بۆ باشووری عێراق دوورخراونەتەوە. پاشان گەڕێندرانەوە سلێمانی و ماوەی 10 ساڵ بە دوورخراوەیی ژیانیان بەسەر بردوە.

– 12ی تەممووزی 1943 بە هاوكاریی كۆمەڵەی هیوا، توانی خۆی لە سلێمانی دەرباز بكات و بچێتە رۆژهەڵاتی كوردستان.

لە هەمان ساڵدا، واتە لە 1943، لە ئێرانەوە گەڕایەوە ناوچەی بارزان و ژمارەیەك گەنج لە دەوری كۆبوونەوە، لە ماوەی دوو مانگدا، 2000 چەكداری خۆبەخش، ئامادەییان بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكانی دەربڕی و توانیان دەست بەسەر زۆرینەی بنكەكانی پۆلیسی ناوچەكەدا بگرن.

– لە پایزی 1943دا حكومەتی بەغدا شاندێكی رەوانەی بارزان كرد بۆ ئەوەی لەگەڵ بارزانی نەمر وتوێژ بكات و شەڕ بوەستێت، مەلا مستەفا بارزانیش مەرجی ئەوەی خستەڕوو، كە دەبێت سەرجەم دوورخراوەكان و شێخ ئەحمەدی بارزان بگەڕێنەوە، دانوستان كۆتایی هات و حكومەتی نووری سەعید هەموو مەرجەكانی مەلا مستەفا بارزانی جێبەجێ كرد.

– لە 1943 – 1945 شۆڕشی بارزانی لە دژی حكومەتی عێراق، كە لەلایەن بەریتانیاوە پشتیوانی لێدەكرا، سەری هەڵدا و لەو جارەدا، شۆڕش ناوچەیەكی فراوانتری كوردستانی گرتەوە.

– لە 11ی ئایاری 1945 بارزانی و پێشمەرگەكانی روویان كردە رۆژهەڵاتی كوردستان.

– لە 22ی كانوونی دووەمی 1946 بارزانی لە رێوڕەسمی راگەیاندنی كۆماری دیموكراتی كوردستان لە مەهاباد بەشداریی كرد و لەلایەن قازی محەمەد، سەرۆك كۆماری كوردستان، كرایە فەرماندەی سوپای كۆماری كوردستان و پلەی جەنەراڵی سەربازیی پێ بەخشرا.

– لە 16ی ئابی 1946 مەلا مستەفا بارزانی، پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراقی دامەزراند و وەك سەرۆكی پارتەكە هەڵبژێردرا، دواتر لە سەرجەم كۆنگرەكانی ئەو حزبەدا، وەك سەرۆكی پارتی هەڵبژێردرایەوە.

– دوای نسكۆی كۆماری كوردستان، لە 1947 رێڕۆیشتنی مێژوویی بەرەو یەكێتی سۆڤیەتی جاران دەستپێكرد، بارزانی ئامادەنەبوو خۆی رادەستی دەسەڵاتی شاهەنشایی ئێران بكات، بۆیە بە خۆی و پتر لە 500 خەباتكاری كورد، روویان كردە یەكێتی سۆڤیەت و لەو رێڕۆیشتنەشدا، رووبەڕووی سوپاكانی عێراق و ئێران و توركیا بوونەوە.

-رۆژی 17ی حوزەیرانی 1947 بارزانی و یاوەرەكانی لە رووباری ئاراس پەڕینەوە و گەیشتنە یەكێتی سۆڤیەت.

– لە یەكێتیی سۆڤیەت، كە ستالین سەرۆكی یەكێتییەكە بوو، مامەڵەیەكی توند لەگەڵ بارزانی و یاوەرانی دەكرا، تا دوای مردنی ستالین لە 1953 رەوشی ژیانیان گۆڕانی بەسەردا هات.

– بارزانی لە یەكێتیی سۆڤیەت، سەرەڕی تێپەڕینی 45 ساڵ بەسەر تەمەنی، لە ئەكادیمیای زمانەكان لە مۆسكۆ دەستی بە خوێندنی ئابووری و جوگرافیا و زانست و زمانی رووسی كرد.

– لە دوای كودەتای چواردەی تەممووزی 1958 بارزانی و یاوەرەكانی گەڕانەوە عێراق و لە بەسرەوە تا هەولێر، پێشوازییەكی گەرمی جەماوەرییان لێكرا.

– عەبدولكەریم قاسم، سەرۆك كۆماری عێراق لە 7ی تشرینی یەكەمی 1958 پێشوازیی لە بارزانی و یاوەرانی كرد.

– لە 11ی ئەیلوولی 1961 تا 1975 رابەرایەتی گەورەترین شۆرشی چەكداری لە دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا كرد. شۆڕشی ئەیلوول، 14 ساڵی خایاند و تێیدا چەندین دەستكەوتی نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ خەڵكی كوردستان بەدیهێنان.

– لە 11ی ئاداری 1970 بارزانی و حكومەتی عێراق لەسەر پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان رێككەوتن، یەكەم جار بوو لە مێژووی كوردستاندا، شۆڕشێكی كوردستانی بە 9 ساڵ خەبات، بتوانێت ئەو دەستكەوتە مێژوویە بۆ خەڵكی كوردستان مسۆگەر بكات.

مستەفا بارزانی لە ژیانیدا، دوو جار و بە (موعجیزە) لە هەوڵی تیرۆركردنی، رزگاری بووە، یەكێكیان لە 29ی ئەیلوولی 1971 و دووەمیشیان لە 16ی تەممووزی 1972دا، بەڵام هەردوو جار، لەبەر بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی و دروست نەبوونی شەڕ، رێككەوتنی ئاداری 1970ی لەگەڵ بەغدا هەڵنەوەشاندەوە.

– لە 6ی ئاداری 1975 بە هۆی رێككەوتنی سەدام حوسێن و محەمەد رەزا شای ئێران لە جەزائیر، شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسكۆ بوو، بەو هۆیەوە بارزانی نەمر و هەزاران پێشمەرگە و هاونیشتمانی كوردستان، رێگەی ئاوارەییان هەڵبژارد.

– لە دوای نسكۆی 1975 یش، چاودێریی و سەرپەرشتیی دانانەوەی بەردی بناغەی شۆڕشی كوردستان كردووە.

– مستەفا بارزانی بۆ چارەسەری نەخۆشییەكەی چووەتە ئەمەریكا، هاوكات لەگەل وەرگرتنی چارەسەری بەردەوام لە میدیا و نێوەندەكانی بڕیاری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، داوای پشتیوانی بۆ مافەكانی خەڵكی كوردستان دەكرد.

 لە 1ی ئاداری 1979 دا و لەتەمەنی 76 ساڵیدا لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون، لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریكا كۆچی دوایی كرد.

– لە 4ی ئاداری هەمان ساڵ، تەرمی مستەفا بارزانی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران، دواتر بە هێلیكۆپتەر، گەڕێندرایەوە شاری شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستان و لەوێ لەلایەن سەدان هەزار كەسەوە لە پەنابەرانی كوردستانی عێراق و خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و كوردانی باكوور و رۆژئاوای كوردستان، پێشوازی كرا، رۆژی 5 ئادار، بە ئامانەت بە خاك سپێردرا.

– لە 6ی تشرینی یەكەمی 1993، روفاتی (مستەفا بارزانی) و (ئیدریس بارزانی) كوڕی، لە رۆژهەڵاتی كوردستان، گواسترانەوە هەرێمی كوردستان و لە زێدی لەدایكبوونیان لە بارزان، بەخاك سپێردران.

دڵخوازەكانتان