ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاساى بودجەى 2023 تاوتوێ دەکات
زیا ناسرى، راوێژکارى راگەیاندنى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى راگەیاند: “پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023ـى عێراق لە وەزارەتى داراییەوە نێرداوە بۆ حکومەت و ئەمڕۆ ئەنجوومەنى وەزیران بۆ تاوتوێکردنى کۆدەبێتەوە”.
گوتیشى: “چاوەڕوان دەکرێت پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى پەسند بکرێت و دوای ئەوەش محەممەد شیاع سوودانى کۆنگرەى رۆژنامەڤانى لەبارەیەوە ئەنجام دەدات”.
بەگوتەى ئەندامانى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق، بڕى پارەى بودجەى گشتیى 2023ـى عێراق نزیکەى 200 ترلیۆن دینار دەبێت کە دەبێتە گەورەترین بودجە لە مێژووى عێراقدا.
دانوستاندن لەنێوان حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
بە گوتەی فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لەو بودجەیە، “بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 13.95%ـی عێراق پێکدەهێنن، بەڵام گفتوگۆ لەسەر 12.67٪ بۆ هەرێمی کوردستان کراوە و ئێمە داوای زیاترمان کردووە. بەگشتی لە 12.67 کەمتر نابێت”.
ساڵى 2022 عێراق پڕۆژەیاسای بودجەى پەسند نەکرد و کارى بە سیستمى خەرجکردنى یەک لەسەر 12ـى بودجەى خەرجکراوى ساڵى 2021 کرد.