دلاوه‌ر ئاژگه‌یی: به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و عێراق و یه‌كیه‌تیی ئەورووپا كۆ بوونه‌وه‌

لە ڕێکەوتی 8/3/2023، شاندێكی په‌رله‌مانی ئەورووپا به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سارا سكیتێدال، سه‌ردانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانی كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و عێراق و یه‌كیه‌تیی ئەورووپا كۆ بوونه‌وه‌ و به‌شێك له‌ ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێكکه‌وتننامه‌ی نێوان عێراق و یه‌كێتی ئەورووپا بوو كه‌ بڕیاره‌ 19ی ئه‌م مانگه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق سه‌ردانی برۆكسێل بكات و له‌گه‌ڵ جۆزێف بۆرێل، به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئەورووپا كۆ ببێته‌وه‌.

دلاوه‌ر ئاژگه‌یی، به‌رپرسی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئەورووپا له‌ بروكسێل ڕایگه‌یاند: ”ئه‌م شانده‌، شاندی فه‌رمیی په‌رله‌مانی ئەورووپا بوو كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی ئه‌و شانده‌ گرنگه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ساڵ ده‌بێت ئه‌و شانده‌ سه‌ردانی عێراق و كوردستانی نه‌كردووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ردانی شاندی له‌و چه‌شنه‌ پێویستی به‌ كۆمه‌ڵێك ڕێكاری تایبه‌ت و هه‌روه‌ها ڕه‌هه‌ندی ئاسایشی و ئه‌منی هه‌یه‌ و خودی پێكهاته‌ی په‌رله‌مانی ئەورووپاش تایبه‌تمه‌نده‌ و شانده‌كه‌ پێك هاتبوو له‌ سه‌رۆكی شاند، سارا سكیتاداڵ و جێگره‌كه‌ی و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی كوتله‌ جیاوازه‌كان، كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كیی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی په‌رله‌مانی ئەورووپا له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی عێراق و كوردستان بوو و له‌ سەردانیاندا بۆ هه‌رێمی کوردستان جگه‌ له‌ دیداریان له‌گه‌ڵ بەر‌پرسانی حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و نوێنه‌ری هه‌ندێ له‌ كوتله‌كان به‌تایبه‌تی پێكهاته‌كان كۆ بوونه‌وه‌.”

دلاوه‌ر ئاژگه‌یی هه‌روه‌ها گوتیشی: ”یه‌كێكی تر له‌ په‌یامه‌كانی ئه‌و شانده‌ی په‌رله‌مانی ئەورووپا بریتی بوو له‌ دووباره‌ پێداگرییان له‌سه‌ر بوونی كوردستانێكی به‌هێز له‌ عێراقێكی به‌هێزدا و ئه‌مه‌یان وه‌ك په‌یامێك به‌ هه‌رێمی كوردستان گه‌یاند و پشگیرییان له‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستادا دووپات كرده‌وه و به‌لایانه‌وه‌ گرنگ بوو كه‌ ڕێڕه‌وی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات و له‌ چ ئاستێكدایه‌ و كێشه‌ و گرفته‌كان چین و به‌ربه‌سته‌كانی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چین و پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، چونكه‌ ئه‌مه‌ گرنگه‌ بۆ پاراستنی سه‌قامگیری و سوودی هه‌موو لایه‌ك و تەئكید له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی شەڕی دژی داعش كرایه‌وه‌ و له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا ڕای كوردستانیان بۆ گرنگ و پڕبایه‌خ بوو و باسی ئه‌وه‌یان كرد كه‌ چی بكرێت باشه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و پشتگیریی خۆیان بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ شەڕی دژی تیرۆردا دووپات‌ كرده‌وه‌ و له‌و جه‌وله‌یه‌دا پرسی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كیی وڵاتانی جیران له ‌ناوخۆی عێراق و ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ و په‌لامارانه‌ی كه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێم هه‌ن و كراون و سه‌روه‌رییه‌كه‌ی پێشێل كراوه‌، خرایه‌ به‌ر باس و ئه‌وان به‌جددی له‌سه‌ر خه‌تن بۆ ئه‌مه‌ و به‌توندی مه‌حكوومیان كردووه‌ و سه‌روه‌ری و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانیان به‌لاوه‌ گرنگه و پێیان وایه‌ ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان پارێزراو بێت.”

دڵخوازەكانتان