وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:ناردنی 400 ملیاره‌كه‌ش گرفتێكی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بابه‌تی ناردنی 400 ملیاره‌كه‌ش گرفتێكی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌ و بەمنزیكانه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان دەنێردرێت.

د. جووتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەى میدیا و زانیارى و گوتەبێژى حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێگەى فەرمیی حکوومەتی راگەیاند: “ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاساى نەوت و گازی فیدراڵی، سەردانی بەغدا دەکات. شاندەکە لە وەزیرى داد و سەرۆکی فەرمانگەى هەماهەنگی و بەدواداچوون و ستافی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کەسانی شارەزا لە وەزارەتی داد پێکدێن. رۆژى دووشەممە 13ى ئادارى 2023، دەست بە کۆبوونەوەکان لەسەر رەشنووسی یاساى نەوت و گاز دەکەن کە یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێویستە لە ماوەیەکی دیاریکراودا تەواو بکرێت”.

گوتەبێژى حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: “ئەم پڕۆژەیاسایە کۆمەڵێک گرفتی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لەو بواری وزەدا چارەسەر دەکات. بۆ ئەوەى هەرێمی کوردستان وەکوو هاوبەشێکی راستەقینە لە دروستکردنی ئەو بڕیارانەى پەیوەستە بە پیشەسازیی نەوت لە عێراق، بەشێوەیەکی کارا بەشدار بێت، هەروەها بۆ ڕێکخستنەوەى ئەو کەرتە چ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەردوو لا گرنگی هەیە. بێگومان لە کۆتاییدا دەبێت ئەم پڕۆژەیە ڕەنگدانەوەى ڕێککەوتنی هەردوو لا بێت و لە قازانجی هەردوو لادا بێت. ئەوە نەک هەر بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکوو بۆ هەموو خەڵکی عێراق دەستکەوتێکی گرنگە”.

لەبارەى رێوشوێنی جێبەجێکردنی پڕۆژەیاساکە، د. جووتیار عادل گوتیشی: “رێككه‌وتن كراوه‌ كه‌ هەردوو لا پێکەوە ره‌شنووسه‌كه‌ بنووسن، تا راده‌یه‌ك له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌ گشتییه‌كان رێككه‌وتن كراوه‌، به‌ڵام ورده‌كارییه‌كان زۆرن، هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا گفتوگۆكان به‌رده‌وام ده‌بن. ئێمه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا، ئه‌نجامی هه‌بێت؛ ئومێده‌وارین بڕوابوون به‌ هاوبەشی و پشتبه‌ستن به‌ ده‌ستوور و ئه‌و رێككه‌وتنەی له‌ كارنامه‌ی كابینه‌ی محە‌ممه‌د شیاع سوودانی هه‌یه‌، لەو پڕۆژەیاسایەدا رەنگ بداتەوە”.

لەبارەى پڕۆژە یاسای بودجەى حکوومەتی فیدراڵی د. جوتیار عادل دەڵێت: “پڕۆژه‌ی یاسای بودجه‌ دوای گفتوگۆیه‌كی دوور و درێژ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵی، ئه‌وه‌ی كه‌ پێویست بوو، وەکوو شایستە و مافی هه‌رێمی كوردستان‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه‌؛ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش کۆمەڵێک كێشه‌ له‌نێوان هه‌ردوو لادا چاره‌سه‌ر ده‌كات؛ حكوومه‌تی فیدراڵی ماوه‌یه‌ک‌‌ بودجه‌ی نه‌بووه،‌ ئه‌وه‌ش کاریگەری له‌سه‌ر ئاستی په‌یو‌ە‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هەیە كه‌ پێویسته‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان پشت بە سەرژمێری ببەستێت. هه‌ندێك ئەنجام ده‌ستكه‌وتی باش بوون بۆ هه‌رێمی كوردستان، وه‌كوو هه‌ژماركردنی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ و پشتیوانیی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ چوارچێوە‌ی خه‌رجی سیادی و دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە خه‌رجی حاكمه‌. بابه‌تی ناردنی 400 ملیاره‌كه‌ش گرفتێكی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌ و بەمنزیكانه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان دەنێردرێت”.

دڵخوازەكانتان