19 ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی قامیشلۆدا تێدەپەڕێت
لە 12/3/2004 لە شاری قامیشڵۆی كوردستانی سووریادا، هێرش كرایە سەر هاووڵاتیانی كوردی رۆژئاوای كوردستان
. لە رووداوەكانی شاری قامیشڵۆدا بە فەرمانی راستوخۆی بەرپرسانی پارێزگای حەسەكە شەش هاووڵاتی كورد شەهید كران،
سەرەتای ئەو رووداوانەش لەوە وە دەستی پێكرد، كە جەماوەری دوو تیمی تۆپی پێی جیهادی كوردان و فتوەی عەرەبەكان لە ناو گۆرەپانی شاری قامیشڵو پێكیاندادا و هێزەكانی پۆلیسیش بوونە لایەنگرانی جەماوەری تیمی فتوە كە لە دێرزورەوە هاتبوون.
رۆژێك دوای ئەو رووداوە و لە كاتی بەخاك سپاردنی تەرمی شەهیدانی قامیشڵو لە گۆرستانی قودوربەگ هێزەكانی ئەمن و پۆلیسی دەوڵەتی سووریا كاروانی جەماوەریان دایە بەر دەسترێژی گوللە و لە ئەنجامدا ژمارەیەك هاووڵاتی دیكەش شەهید بوون و سەدانی دیكەش برینداربوون.
رووداوەكانی قامیشڵو بووە هۆی ئەوەی كە لە هەموو شارەكانی ئەو وڵاتەوە خۆنیشاندانی ئاشتیانە ساز بكرێت و لە نێویشیندا دانیشتوانی دێرك و عەفرین و كوبانی رژانە شەقامەكان.
لە شارەكانی حەلەب و لە دیمەشقی پایتەختیشدا خۆنیشاندانی ئاشتیانە بۆ پشتیوانی كردنی كوردەكانی قامیشڵو ئەنجامدرا، بەڵام هێزەكانی ئەمن و پۆلیسی سووریا هەموو ئەو خۆنیشاندانە ئاشتیانانەیان بە فیشەك وەڵام دایەوە
لە ئەنجامدا كۆی ئەو هاووڵاتییە كوردانەی سووریا، كە بەهۆی رووداوەكانی قامیشڵوە شەهید بوون گەیشتە 27 كەس و برینداربوونی زیاتر لە دووسەد كەس
ئەمە جگە لەوەی كە دەسەڵاتدارانی سووریا هەزاران هاووڵاتی كوردیان خزاندە ناو زیندانەكانەوە، بە بێ جیاوازی تەمەن و رەگەز، تەنیا لەبەر ئەوەی كوردبوون، هەروەها دەستیان كرد بە تاڵان كردنی سەر و ماڵی كورد لە هەندێك شوێنی سووریادا.