سلێمانى.. پڕۆژەیەک بۆ چاودێرى یەکەکانى نیشتەجێبوون ئامادە دەکرێت

ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێماتى دەڵێت کۆمەڵێک کەم و کوورتى لە یەکەکانى نیشتەجێبوون لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى هەیەو بەنیازین لەڕێگەى ئامادەکردنى پڕۆژەیەوە چاودێرى کوالێتى ئەو یەکانە بکەین.

ڕەمەزان نامیق، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى ڕاگەیاند: “لەمیانى بەددواداچوون و لێکۆڵینەوەمان هەندێ کەم و کورتیمان لە کوالێتى و نەخشەو خزمەتگوزارى یەکەکانى نیشتەجێبوون لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى بەدى کردووە کە بوونەتە جێى ڕەخنەو گلەیى هاووڵاتییان، بۆ ئەو مەبەستە بەدواداچوونەکانمان دەستى پێکردووە بۆ ئەوەى لایەنى پەیوەندیدار چارەسەریان بکات”.

گوتیشى: “بەدەر لەوەش وەک لیژنەی پلان و پڕۆژەکان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لایەنە پەیوەندیدارەکان بەو بابەتەمان بانگێهشت کردووەو لەسەر کوالیتی دروستکردنی بیناو باڵەخانەو یەکەکانی نیشتەجێبون و دڵنیابونەوە لەسەلامەتی بینا دروستکراوەکان بەتایبەت لەکاتی ڕوودانی هەر ڕووداوێکی سروشتی و نەخوازراو گفتوگۆمان لەگەڵیان کردووە”.

ڕەمەزان نامیق ئاماژەى بەوەشدا: “بۆ ئەو مەبەستە بەهاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆمەڵێک پێشنیار و ڕێنوێنى ئامادە دەکەین بۆ ئەوەى لەڕێگەیەوە چاودێری زیاتری دیزاین و جێبەجێکردنی پڕۆژە و باڵەخانەکان بکرێت و لەمەودوا بەپێى نەخشەی بومەلەرزەو کۆدی ستاندارد جێبەجێ بکرێن”.

دڵخوازەكانتان