ئاوات جەناب :لە بانکەکانی سلێمانی کورتهێنان گەیشتە نزیکەی یەک ترلیۆن دینار

ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری وەڵامی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەداتەوە کە لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە شاری سلێمانی باسی لەوەکردبوو، “ئەو شارە لەلایەن وەزیری دارایی و ئابوورییەوە سزادراوە”.

وەزیری داراریی و ئابووری لەوبارەیەوە گوتی، “هەمیشە خۆشەویستی شاری سلێمانی و خەڵکەکەی لە دڵ و دەروونی مندایە نەک لە بۆنەکاندا بیرم بکەوێتەوە، من نەهاتومەتە سەر حازری”.

راشیگەیاند، ئەو یەکێک بووە لەو پێشمەرگانەی کە گەنجێتی خۆی و خوێن و رەنجێکی زۆری بە کوردستان و سلێمانی بەخشیوە. گوتیشی “زۆر زۆر لە ئێوە زیاتر خۆشمدەوێ و دڵم پێی دەسوتێت”.

ئاواتی شێخ جەناب رایگەیاند، کە کێشەکانی سلێمانی و دەوروبەری هی ئەم کابینەیە و ئەم وەزارەتی داراییە نییە، هۆکارەکانی هەمان هۆکارن کە پێش ئەم مێژووەش سلێمانی و دەوروربەری وێران کردووە و تا ئێستاش بەردەوامە.

لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەیدا بۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، وەزیری دارایی و ئابووری دەڵێت: جەنابتان ناتوانن خۆتانی لێ بێ ئاگا بکەن، ناشتوانن سلێمانی 2019 لە ئێستا بە پێشکەوتووتر و جوانتر دابنێن.

ئاواتی شێخ جەناب روونیشیکردەوە، کە گەندەڵی و خنکاندنی بازاڕ و سەرانەسەندن لە بازرگان و ……..هتد بکەرەکە و کارەکتەرەکانی لە سلێمانی و دەوروبەری بەکەس ناشاردرێتەوە و ناتوانن خۆتانی لێ بێ بەری بکەن، واتە ئێوە سزای سلێمانی دەدەن نەک بەندە .

ئاواتی شێخ جەناب راشیگەیاند، ماوەی نزیکەی چوار ساڵە ئەوان لە وەزارەتی دارایی لە هەوڵی بەردەوامی چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی سلێمانیدان، هەرچی لەتواناشیاندا بێت کردوویانە، گوتیشی: چەند توانیبێتمان بەسەر ئاستەنگە دەستکردەکانی ئێوەدا سەرکەوین، ئەوەندە سەرکەوتووتربووین، ئەمانەش بەکردەوە نەک قسەی زل و فشەی سیاسی، بۆ ڕاستیش دەکرێت پرسیار لە وەزیرەکان و پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بکەن.

هەر سەبارەت بە کێشەی ئێستای سلێمانی، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، کە سەرباری دابەزینی داهاتی سنوورەکە، کە لە ساڵی 2021وە دەستپێدەکات، کاتێک لە بەرواری 1/1/2021 لە بانکەکانی سلێمانی نزیکەی 350 ملیار دینار وەفر هەبوو، لە کۆتایی هەمانساڵ گەیشتە نزیکەی 100 ملیار دینار، لە کۆتایی ساڵی 2022 کورتهێنان لە بانکەکانی سلێمانی گەیشتە نزیکەی یەک ترلیۆن دینار، کە هەمووی پارەی هاووڵاتیان و فەرمانگەکانی سلێمانی بوو.

ئاواتی شێخ جەناب گوتیشی: ئەوکاتە بکەری سەرەکی ئەو تاڵانیە ئێمە سزامانداو جەنابتان گوڵبارانتان کرد، ئێمە داومانە بە دادگا و جەنابیشتان پاداشتی دەکەن، دەبێت ئێوە کە پاداشتتان کردبێت سزای سلێمانیتان داوە یان ئێمە کە داومانە بە دادگا؟  

وەزیری دارایی و ئابووری ئاشکرایکرد، کە رێکەوتن لەسەر پشکی 57/ و پشکی 43/، وەزارەتی دارایی لێی بەرپرسیار نییە و زۆریش دژیەتی، جەنابتان ئەبوایە لە سەرەتاوە قبوڵی نەکەن، نەک لەم دوا دواییەدا بیرت بکەوێتەوە، ئۆباڵی هەر دەرهاویشتەیەکی ئەو کارە تەنها لە ئەستۆی ئێوەیە کە پێی ڕازی بوون.

دڵخوازەكانتان