سەرۆكی هەرێمی كوردستان په‌یامێكی له‌ڕۆژی جیهانی ئافره‌تدا بڵاوكرده‌وه‌

له‌ په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هاتووه‌” ڕۆژى جيهانيى ئافره‌تان به‌ گه‌رمى له‌ ته‌واوى ژنانى كوردستان، عێراق و جيهان ‏پيرۆز ‏ده‌كه‌م، ‏هيواى سه‌ركه‌وتنى زياتر، كۆڵنه‌دان و به‌رده‌وامييان بۆ ده‌خوازم”.‏

نێچیرڤان بارزانی ده‌شڵێت: ئافرەتان ساڵانێکی زۆرە خۆيان ڕێكخستووه‌ و لە هەموو بوارەکاندا خەبات دەکەن ‏بۆ ‏‏دابینکردنی مافە ڕەواکانیان و بنبڕکردنی چەوساندنەوە و توندوتیژی و ‏به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ‏‏نایەکسانی. وه‌ك چۆن پێشتر له‌ بوارى چاكسازيى ياسايى، ‏سياسه‌تى كۆمه‌ڵايه‌تى، سه‌ربه‌خۆييى دارايى و ‏‏په‌روه‌رده‌دا پشتگيريمان له‌ ژنان كردووه‌، به‌رده‌وام ده‌بين ‏و هه‌ميشه‌ ‏‏پشتگيرى له‌ خه‌باتيان ده‌كه‌ين بۆ مسۆگه‌ركردنى ‏ته‌واوى مافه‌كانيان.‏

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌” هيچ كۆمه‌ڵگه‌يه‌ك‌ به‌بێ ئازاديى ئافره‌ت، ئازاد نييه و پێشناكه‌وێت‌. كار ده‌كه‌ين بۆ ‏ئه‌وه‌ى له‌ ‏‏هه‌رێمى كوردستان بوارى زياتر به‌ به‌شداريى ژنان له‌ ژيانى سياسى و ‏به‌ڕێوه‌بردن و هه‌موو ‏‏بواره‌كانى ديكه‌دا بدرێت، توندوتيژى دژى ژنان و پێشێلكردنى ‏مافه‌كانيان كه‌ مايه‌ى نيگه‌رانييه‌، ‏كۆتايى بێت”. ‏

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانیدا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌”له‌م ڕوانگه‌يه‌وه‌ هەرێمی کوردستان پێویستی بە کار و سیاسەت و ‏ستراتیژیی نوێ، ‏به‌ ‏به‌شداريى هه‌مووان هەیە. پەروەردە و فێرکردن و برەودان بە ‏توێژینەوەی ‏ئەکادیمی و کاری ‏زانستی، هۆشيارى و گفتوگۆى هەمەلایەنە، باشترين ڕيگه‌ن بۆ گەیشتن ‏‏به‌م ئامانجە”.‏

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی هه‌رێم رایده‌گه‌ێنێـت: ستايش و ده‌ستخۆشى بۆ ئه‌و خانمانه‌ى متمانه‌يان به‌ خۆ بووه‌، له‌ كايه‌ و بواره‌ جياكانى ژياندا چوونه‌ته‌ پێشه‌وه و خۆيان سه‌لماندووه‌‌، له‌ ڕاپه‌راندنى ئه‌رك و كاره‌كانياندا سه‌ركه‌وتوون و بوونه‌ته پێشه‌نگ. هه‌روه‌ها ئافره‌تانى كوردستان، ده‌بێ هاوشانى ژنانى جيهان، ئاماده‌يى و به‌شداريى زياتريان هه‌بێت له‌ پرسه‌كانى ئافره‌تان و پرسه‌كانى ديكه‌ى ژياندا.

له‌كۆتاییدا نێچیرڤان بارزانی رایده‌گه‌ێنێت: له‌م ياده‌دا كار و خه‌باتى ئافره‌تانى كوردستان له‌ ڕێكخراوه‌ حكوومى و ‏ناحكوومييه‌كان، له‌ ‏‏فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌كاندا به‌ به‌رزى هه‌ڵده‌سه‌نگێنين. به‌ ڕێز و ‏پێزانينه‌وه‌ له‌ ئه‌رك و ڕه‌نج ‏و ‏ماندووبوونى هه‌موو ئه‌و خانمه‌ كۆڵنه‌دارنه‌ ده‌ڕوانين كه‌ ‏له‌ هه‌ر بوارێكى كه‌رتى گشتى و ‏تايبه‌تدا كار ‏ده‌كه‌ن و به‌شدارييه‌كى كارا له‌ ‏به‌ڕێوه‌بردن و بنياتانى كۆمه‌ڵگه‌ و وڵاتدا ده‌كه‌ن”سڵاو له‌ گيانى پاكى هه‌موو ئه‌و خانمانه‌ى له‌پێناو يه‌كسانى و به‌ديهێنانى مافه‌كانى ‏ژناندا ‏‏گيانيان به‌خشى و هه‌موو ئه‌وانه‌ى بوونه‌ته‌ قوربانيى توندتيژى. گيانيان شاد و ‏ياديان ‏هه‌ميشه‌ ‏به‌ خێر”.‏
شكۆدار بێت يادى هه‌شتى مارس، ڕۆژى جيهانيى ئافره‌تان.‏

دڵخوازەكانتان