مەسرور بارزانی جەخت لە گرنگیی پرۆژەی هەژماری من دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەریمی کوردستان سەردانی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاریی شاری هەولێری کرد کە پڕۆژەی ”هەژماری من” و پارەدانی دیجیتاڵی لەو نەخۆشخانەیە جێبەجێ کراوە و لە میانەی سەردانەکەیدا گوتارێکی پێشکەش کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

من زۆر زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ سەردانی نەخۆشخانەی لەدایكبوون دەكەین لێرە لە هەولێر. ئەم شوێنە هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی ئەم نەخۆشخانەیە وەك (پایلۆت پرۆجێكت) لە پرۆژەی (هەژماری من) بەشدار بن كە ژمارەیان 850 كەس بوو. پێشتریش ئێمە رامانگەیاند كە پرۆژەی (هەژماری من) لێرەوە دەست پێ دەكات، بەڵام هیوامان وایە لە ماوەی دوو ساڵدا بتوانین هەموو فەرمانبەرانی حكوومەت، هەموو مووچەخۆرانی حكوومەت بتوانن سوود لەو پرۆژەیە وەربگرن و بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی بتوانن مامەڵە بە سیستەمی بانكی و وەرگرتنی مووچە و بەكارهێنانی مووچەكانیان بكەن بۆ كڕین و ئەو خزمەتگوزارییانەی كە بانك پێشكەشیان دەكات.

ئەمە سیستەمێكە لە زۆر لە وڵاتانی پێشكەوتوو ئەمە چەندین ساڵە هەیە، بەداخەوە لەبەر نەبوونی ژێرخانی ئابووری كە لە هەرێمدا نەبووە، ئێمە هەستمان كرد كە پێویستە ئێمە ئەو ژێرخانە دروست بكەین كە بێگومان دوای ئەمە هەنگاوی تریش بەڕێوەیە كە ئەمانە خزمەتێكی زیاتر بۆ هاووڵاتیان بە شێوەیەكی خێراتر و لەوانەیە ئاسانتریش پێشكەش بكەن.

هیوام وایە ئێمە لەم ماوەیە بتوانین لەگەڵ كەرتی تایبەتیش كارێكی وا بكەین هەموو بەیەكەوە ئەم خزمەتگوزارییە بكەین بە خزمەتگوزارییەكی گشتگیر، بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتیانی كوردستان بە فەرمانبەر و كەرتی تایبەتیشەوە سوودمەند بن لێی.

دڵخوازەكانتان