ئەو ئاژەڵە ماڵییانەی لەسەر شەقام و ناو پارکەکاندا بەرەڵا دەکرێن، لەلایەن شارەوانییەوە دەگیرێن

بەڕێوبەری شارەوانیی بەکرەجۆ ڕایگەیاند، ئەو ئاژەڵە ماڵییانەی لەسەر شەقام و ناو پارکەکاندا بەرەڵا دەکرێن، لەلایەن شارەوانییەوە دەگیرێن و خاوەنەکانیشیان سزای ماددی دەدرێن.

ئەندازیار عومەر حەسەن، بەڕێوبەری شارەوانیی بەکرەجۆ ڕاگەیاند: ”ماوەی دوو ھەفتەیە تیمەکانمان بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی بەڕەڵاکردنی ئاژەڵی ماڵی بەجددی ھاتوونەتە سەرخەت و دەگەڕێن، ئەگەر ھەر ئاژەڵێکی ماڵی لەنێو شەقام و پارک و باخچەکاندا ببینن ئاژەڵەکە دەگرن و بە ھاوکاریی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەیگوازینەوە بۆ قەسابخانەی سلێمانی، دواتر خاوەنەکانیان ئاگادار دەکەینەوە، ئەگەر بەردەوام بوون لەو سەرپێچییە، ئاژەڵی وەک مانگا سەر دەبڕین و ئەو ھاوڵاتییانەی ئەسپیان ھەیە سزای ماددیان دەدەین.”

بەڕێوەبەری شارەوانیی بەکرەجۆ گوتیشی: ”ڕۆژی ھەینیی ڕابردوو سێ مانگامان گرتووە و خاوەنی ھەر مانگایەک بە بڕی ٢٠٠ ھەزار دینار سزا دەدرێت، ھەروەھا ژمارەیەک ئەسپیشمان گرتووە و خاوەنەکانیانمان ئاگادار کردووەتەوە کە نابێت ئاژەڵی ماڵی بێنە ناو کۆڵان و پارک و باخچەکان و بەڕەڵاکردنی ئاژەڵی وەک مانگا و ئەسپ بە ھەموو شێوەیەک قەدەغەیە.”

ئەندازیار عومەر حەسەن ئاماژەی بەوەش کرد: ”ئەگەر ھاووڵاتییان ئاژەڵ بەخێو دەکەن، پێویست ناکات بەڕەڵای بکەن، چونکە ئەو ئاژەڵانە دێنە شەقامەکان، جگە لەوەی دار و درەختی ناو باخەکەن دەخۆن و دیمەنێکی ناشارستانییان ھەیە، پاشەڕۆ لە شەقامەکاندا بەجێ دەھێڵن، بۆیە لێرەوە داوا لەھاوڵاتییان دەکەین ئاژەڵی ماڵی بەڕەڵا نەکەن، چونکە ئەگەر بیانگرین، جاری یەکەم بە سزای ماددی ئاژەڵەکانیان دەدەینەوە، ئەگەر دوو جار، یان سێ جار ئەو سەرپێچییە بەردەوام بێت، ئاژەڵەکانیان سەر دەبڕین.”

دڵخوازەكانتان