باجی گومرگی سەر كاڵا و كەلوپەل و خۆراك كەم دەبێتەوە
بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی، وردەكاريی بڕیارێكی وەزارەتەكەی ئاشكرا دەكات، كە بەهۆیەوە باجی گومرگی سەر كاڵا و كەلوپەل و خۆراك كەم دەبێتەوە. دەشڵێت: ”هەر بارێك كە لەدەرەوە دێتە هەرێمی كوردستان، پارەی رەسمی گومرگی كەم دەكات، ئەوەش كاریگەریی دەبێت بۆ دابەزینی نرخی كاڵاكان.“
ھونەر جەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی كوردستان، رایگەیاند: “پاڵپشت بە نووسراوی بانکی ناوەندیی عێراق، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی حكوومەت پابەند دەکات، کە بە نرخی بانکی ناوەندیی عێراق مامەڵە بە دراوی دۆلار بكەن، كە بۆ هەر 100 دۆلارێك 130 هەزار دینارە.”
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو بڕیارە كاریگەریی لەسەر كەمكردنەوەی نرخی كاڵا و كەلوپەل و خۆراكیش دەبێت، گوتیشی: “لە خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان پارەی رەسمی گومرگی کاڵاکان لەسەر بازرگانان و كۆمپانیاكان بە ڕێژەی یەك لەسەر هەشت کەم دەکرێتەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر نرخی کاڵا و شمەک دەبێت و نرخەكەیان کەمێک دادەبەزێت.”
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی جەختی كردەوە، ئێستا بڕیارەكە لە خاڵە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و فڕۆكەخانەكان جێبەجێ دەكرێت، گوتیشی: “پێشتر رەسمی گومرگی لە خاڵە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان بەجۆرێك بوو، هەر 100 دۆلارێك بە 145 هەزار دینار ئەژمار دەكرا، بەڵام ئێستا 100 دۆلار بە 130 هەزار دینار ئەژمار دەكرێت، ئەگەر بارێك گومرگەكەی هەزار دۆلار بوو بێت، پێشتر یەك ملیۆن و 450 هەزار دینارمان لێ وەردەگرت، بەڵام ئێستا یەك ملیۆن و 300 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت، بۆیە بەگشتی هەر بارێك، كە لەدەرەوە دێتە هەرێمی كوردستان پارەی رسمی گومرگی كەم دەكرێتەوە، ئەوەش كاریگەریی دەبێت بۆ دابەزینی نرخی كاڵاكان.