ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی ڕێککەوتننامەی جەزائیر دژی مافە ڕەواکانی گەلی کوردە

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی ڕێککەوتننامە شوومەکەی 6ی ئاداری 1975ی جەزائیرە کە تێیدا عێراق و ئێران کە دوژمنی گەورەی یەکتر بوون و مێژوویەک دژایەتیی یەکتریان کردبوو و ڕووبارێک خوێن لە نێوانیاندا هەبوو، لە بەرانبەر مافە ڕەواکانی گەلی کورددا یەکتریان لە ئامێز گرت و بە قاقای پێکەنینەوە سازشیان بۆ یەکتر کرد و بوونە برای یەکتر بۆ ئەوەی نەهێڵن گەلی کورد بە مافە ڕەواکانی بگات.

لە 6ی ئاداری 1975دا ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە نێوان سەدام حسێن، جێگری سەرکۆماری عێراق و محەمەدڕەزا شای ئێران، بە نێوەندگیریی ھۆری بۆمدین، سەرۆکی ئەوکاتی جەزائیر، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئۆپیک لە جەزائیر واژوو کرا.

بەپێی ڕێککەوتننامە شوومەکەی 1975ی جەزائیر، ڕژێمی بەعسی عێراق دەستبەرداری ئاوی شەتولعەرەب بوو بۆ ئێران، بۆ ئەوەی بە هاوکاریی یەکتر شۆڕشی گەلی کورد لەبار ببەن.

بەهۆی ئەو ڕێککەوتننامە شوومەوە شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسکۆ بوو، بەڵام ڕێککەوتنی زلهێزەکان نەیتوانی ئیرادەی پۆڵایینی گەلی کورد لەناو ببات و هەر زۆر زوو جارێکی دیکە بە فەرمانی مستەفا بارزانیی نەمر، باوکی نەتەوایەتیی گەلی کورد و بە سەرکردایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی و کاکە ئیدریسی جوانەمەرگ شۆڕش دەستی پێ کردەوە و نسکۆ نەیتوانی چۆک بە کورد دابدات.

بەردەوامیی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە چوارچێوەی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازدا ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی 1991ی گەلی کوردی بەدوادا هات و کۆتایی بە ستەمی دیکتاتۆری هێنا و ئیرادەی گەلی کورد سەر کەوت و پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرا.

دڵخوازەكانتان