داوا دەکرێت بڕیارەکانى هێڵى ئاسمانیى عێراق هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستانیش بگرێتەوە
ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، داوامان کردووە هەموو ئەو ئاسانکارى و بڕیارانەى هێڵى ئاسمانیى عێراق دەیدات هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستانیش بگرێتەوە.
کاروان یاروەیس، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ڕاگەیاند: “هێڵی ئاسمانیی عێراق بڕیاری داوە ڕێژەی ٢٥٪ داشکاندن لە نرخی بلیتی گەشتەکانیان بۆ خانەنشینانی عێراقى بکات، بەڵام ئەو بڕیارە خانەنشینانى هەرێمى کوردستان لێى بێبەش بوون”.
گوتیشى: “بۆیە وەک لیژنەى گواستنەوە و گەیاندنى پەرلەمانى عێراق بە نووسراوی ڕەسمی داوامان لە بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراق کردووە کە ئەو داشکاندنە خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، لەو ڕووەوە چاوەڕێى وەڵامى ئەوانیشین دەکەین و گەشبینین کە بڕیارەکە لە بەرژەوەندیى خانەنشینانى هەرێمى کوردستانیش بدەن، بەدەر لەوە داوامان کردووە هەر بڕیارێکى دیکەیان تایبەت بە خزمەتگوزاریى گەشتیاریى فڕۆکەوانى دا، هەرێمى کوردستانیش بگرێتەوە”.
ئەو پەرلەمانتارە باسى ئەوەشى کرد: “ماوەیەکە دەستمان کردووە بە کۆبوونەوە و چاودێریى کەرتی فڕۆکەوانی و فڕۆکەخانەکان و ئاسمانی عێراق بۆ ئەوەى گرفتەکانیان بزانین و لە ڕێگەى لایەنى پەیوەندیدارەوە ڕێگەچارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، هەڵبەت ئەوکات دەبێت خزمەتگوزارییەکان هەرێمى کوردستانیش بگرنەوە”.