مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی: له‌ یادی راپه‌ڕیندا جەخت لەسەر رێکخستنی نێو ماڵی نێوخۆیی کوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌

به‌بۆنه‌ی ساڵیادی راپه‌ڕینه‌وه‌، مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند، له‌م قۆنافغه‌دا زیاتر پێویستمان بە هەماهەنگی و هاودەنگییە بۆ ئەوەی پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان بەهێزتربێت.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیدا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، لەسەر ئاستی هەرێم ئومێدەرارین هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان هەماهەنگی زیاتر بکەن و نەخشەڕێگایەکی گونجاو دابڕێژن بۆ چارەسەرکردنی پرس و کێشە هەنووکەییەکان. لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵیش تاکوو جارێکی دیکە کێشە و قەیرانەکان دووبارە نەبنەوە، دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ رێچکەی راستی خۆی بگرێ بۆ چارەسەرکردنی بابەتە گرنگەکانی ئەمڕۆ لە ئارادان وەک پرسی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم و بابەتی نەوت و پرسە هەڵواسراوەکانی دیکە.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیدا هاتووه‌، ” ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە لە سەر هەمان پرەنسیپ و پەیامی راست و دروستی پارتەکەمان جەخت لەسەر رێکخستنی نێو ماڵی نێوخۆیی کوردستان دەکەینەوە و داوادەکەین بە هەموو لایەک هەوڵ و کۆششمان یەک بخەین و بەرپرسانە کاربکەین بۆ ئەوەی بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان و ئامانجە نزیک و درێژخایەنەکانمان لە ئەولەویەتی بەرنامە و کارنامەکانمان بێت”.

ده‌قی پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی(32)ەمین ساڵیادی راپەڕینە شکۆدارەکەی گەلەکەمان:

(5)ی ئادار، ڕۆژێکی پڕ واتا و گرنگە لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان و سەرجەم کوردستانیانی بەوەفا و خۆڕاگر و، وەرچەرخانێکی دیکەی بوو زنجیرەی خەباتی نەسرەوتووی گەلەکەمان بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانیەوە.

ئەو راپەڕینە، کە هەمیشە مایەی شانازییە بۆ مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بۆ گەیشتن بە ئامانجە رەواکانمان و بەدیهێنانی مافە زەوتکراو و پێشێلکراوەکانمان، بەرهەمی تێکۆشان و خوێنی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و پێشمەرگە دلێرەکان بوو.

راپەڕینە شکۆدارەکەی (5ـی ئادار) بە بڕیاری بەرەی کوردستانی و سەرکردایەتی سیاسی و هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و بە بەشداری جەماوەری دڵسۆز بەرنامەی بۆ داڕێژراو، لە (5ـی ئاداری 1991) لە شاری رانیەی دەروازەی راپەڕین لە چەخماخەی دا و دواتر سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستانی گرتەوە بە کەرکوکی دڵی کوردستانیشەوە.

راپەڕین، زەروورەتێکی مێژوویی و هەنگاوێکی بوێرانە و رەوای گەلەکەمان بوو، پاش ساڵەهای ساڵ لە خەبات و قوربانیدان ئەو سەرکەوتنە مەزنە بەدەست هات و، کوردستانیان سەلماندیان کە دواجار بە بیروباوەڕی راستەقینەی نیشتیمانپەروەی و خۆڕاگری و گیانی شۆڕشگێڕیانە گەلی ستەمدیدە هەر بە ئامانجەکانی خۆی دەگات.

لە دەستکەوتە هەرە گرنگە سیاسییەکانی راپەڕین بونیاتنانی ئەزموونێکی نوێی فەرمانڕەوایی بوو، کە بڕیاردان بوو لەسەر سیستەمی سیاسی فیدراڵیی، هەروەها لە (19ـی5ـی1992) ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردستان هەڵبژێردرا و حکومەتی کوردستان پێکهات بۆ بەڕێوەبردن و هەڵسووڕاندنی کاروبارەکانی هەرێم.

بەدرێژایی ئەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستان کە شەرعیەتی یاسایی خۆی هەیە، ئامانجەکانی گەلەکەمان و کوردستانییان لەو هەرێمەدا بە پێی کارنامەی کابینەکانی حکومەت دەهاتە دی لە رێگه‌ی پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکان بۆ بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئاوەدانی و بونیاتنانەوە و بژێوی هاووڵاتیان، هەروەها تێکڕای بوارەکانی ئاسایش و پیشەسازی و تەندروستی وکشتوکاڵ و پەروەردە و گەشتیاری و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی دیکە.

هاووڵاتییانی بەڕێز..

ئەمڕۆ هەلومەرجی سیاسی کوردستان و عێراق و ناوچەکە لەبەردەم کۆمەڵێک گۆڕانکاری ئەوتۆ دایە، کە چارەنووسی هەرێم و هاووڵاتیانی پێوە بەندە، بۆیە زیاتر پێویستمان بە هەماهەنگی و هاودەنگییە بۆ ئەوەی رۆڵی گرنگی خۆمان ببینین و پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیانەی هەرێم بەهێزتر بکەین.

لەسەر ئاستی هەرێم ئومێدەرارین هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان هەماهەنگی زیاتر بکەن و نەخشەڕێگایەکی گونجاو دابڕێژن بۆ چارەسەرکردنی پرس و کێشە هەنووکەییەکان، لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵیش تاکوو جارێکی دیکە کێشە و قەیرانەکان دووبارە نەبنەوە، دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ رێچکەی راستی خۆی بگرێ بۆ چارەسەرکردنی بابەتە گرنگەکانی ئەمڕۆ لە ئارادان وەک پرسی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم و بابەتی نەوت و پرسە هەڵواسراوەکانی دیکە.

لەو یادە شکۆمەندەدا، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە لە سەر هەمان پرەنسیپ و پەیامی راست و دروستی پارتەکەمان جەخت لەسەر رێکخستنی نێو ماڵی نێوخۆیی کوردستان دەکەینەوە و داوادەکەین بە هەموو لایەک هەوڵ و کۆششمان یەک بخەین و بەرپرسانە کاربکەین بۆ ئەوەی بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان و ئامانجە نزیک و درێژخایەنەکانمان لە ئەولەویەتی بەرنامە و کارنامەکانمان بێت.

بۆ ئەوەی رۆژی (5ـی ئادار) وەک یادێکی ئاسایی و تەنیا بۆنەیەکی مێژووی رەت نەبێ، بەڵکو هەمیشە مایەی شانازیمان بێت، پێویستە دەرهاویشتە و وانەو و دەرەنجام و دەستکەوتەکانی هەمیشە هاندەر و رێنیشاندەرمان بن بۆ یەکڕیزی و هه‌ماهەنگی زیاتر و بنەما ئەرێنییەکانی پەیڕەوبکرێن بۆ بەدیهاتنی مافەکانمان و لە خزمەت بەرژەوەندیی گشتی دابن.

بەو بۆنەیەوە جارێکی دیکە بە دڵنیاییەوە بەڵێن دەدەین و پێدادەگرین لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و بەردەوام بوون لەسەر کار و ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان بۆ داکۆکیکردن لە بنەما راست و دروستەکانی دیموکراسییەت و هەمەڕەنگی و هەمەلایەنی بیروباوەڕی سیاسی و بەرفراوانکردنی پانتایی بەشداریکردنی سیاسی، هەروەها چاکترکردنی باری ئابووری و هەلومەرجی بژێوی رۆژانەی هاووڵاتییان.

لە یادی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی (5ـی ئادار) سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دادەنوێنین.

سڵاو بۆ جەماوەری خۆڕاگری کوردستان و پێشمەرگە دلێرەکان کە هەوێنی سەرکەوتنی ڕاپەڕین بوون..
دروود بۆ شەهیدانی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی (5ـی ئادار).

سڵاو بۆ شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و کوردستان.

هەر مەزن و شکۆدار بێت هێزی لەبننەهاتووی جەماوەر و بیرەوەری (5ـی ئاداری1991).

مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
4ـی3ـی2023

دڵخوازەكانتان