بۆ یادی 1/3، هه‌موومان پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و ڕێبازه‌ین
فازڵ میرانی
ڕۆژی 1/3 له مێژووی نه‌ته‌وه‌ی كورددا ڕۆژێكی تایبه‌تە، ڕۆژێکە ڕه‌وانی پاكی بارزانیی نه‌مر به‌ره‌و باره‌گای ڕه‌حمه‌ت و میهری خوداوه‌ند گه‌ڕایه‌وه. بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد ڕۆژی ئاوابوونی كاریزما و سیمبوڵی نه‌ته‌وه‌یی بوو، ڕۆژی كۆچی یه‌كجاریی مامۆستای گه‌وره‌ی كوردایه‌تی بوو. كۆچی دوایی بارزانی، بۆشاییه‌كی گەورەی له دڵ و ده‌روونی هه‌موو كورد و كوردستانییه‌كدا به‌جێ هێشت، چونكه هه‌مووان پێویستمان به‌و ڕابه‌ر و سه‌ركرده‌یه هه‌بوو. سایه و سێبه‌ری بارزانی له چه‌تر و سێبه‌ری حیزب و حیزبایه‌تی گه‌وره‌تر بوو، هه‌وار و باره‌گای بارزانی، ماڵی جێمتمانه‌ی دیموكراتی و برایه‌تی و نیشتیمانپه‌روه‌ری و كوردایه‌تی بوو، ڕووگه‌ی چه‌پی كورد و نه‌ته‌وه‌خوازانی كورد و نیشتیمانپه‌روه‌رانی عیراق و دیموكراتخوازانی وڵات و په‌یڕه‌وانی هه‌موو ئایینه‌كان به موسڵمان و مه‌سیحی و ئێزدییه‌وه، به كورد و عه‌ره‌ب و توركمان ئاشوورییەوە بوو.
مسته‌فا بارزانی نه به هێزی حیزبێك، نه به هێزی عه‌شیره‌تێك بوو به سه‌ركرده‌ی میلله‌تی كورد. بارزانی به هێز و توانای خۆی، به خه‌باتی خۆی، به بیری ڕوون و دووربینی خۆی، به ئازایی و لێهاتوویی خۆی و به تێكه‌ڵ بوون و هه‌ستكردنی به زه‌حمه‌تییه‌كانی گه‌له‌كه‌ی، پێگه‌ی سه‌ركردایه‌تیكردنی قافڵه‌ی تێكۆشانی كوردایه‌تیی به‌ده‌ست هێنا.
كوردستانیان به ناوی پێشه‌وا، مامۆستای گه‌وره‌ی كوردایه‌تی، به ناوی سه‌رۆك بانگیان ده‌كرد، له زاخۆوه تا خانه‌قین و مەندەلی، فه‌رمانی بارزانی به برووسكه‌یه‌ك جێبه‌جێ ده‌كرا. ئه‌و، هەرگیز سازشی له‌سه‌ر مافی نه‌ته‌وه‌یی كورد و كوردستانیان نه‌كردووه، مریدان و په‌یڕه‌وانی ڕێبازه‌كه‌شی هه‌مان ڕێچكه‌یان گرتووه و هیچ كات سازش له‌سه‌ر مافی نه‌ته‌وه‌یی كورد ناكه‌ن.
خه‌باتی ڕزگاریخوازیی كوردستان به ڕابه‌رایه‌تیی مسته‌فا بارزانی، مكوڕبوونی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له به‌دیهێنانی مافی خۆی دووپات ده‌كاته‌وه، هه‌ر ئه‌و خه‌باته‌ش بوو كه له ڕێككه‌وتنی 11ی ئادار 1970دا خۆی نواند، كه بۆ یه‌كه‌مین جار بوو تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌یی كورد، مافی بوونی قه‌واره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و یاسایی له چوارچێوه‌ی نیشتیمانی عێراقدا به‌ده‌ست هێنا. ئه‌گه‌رچی هه‌رده‌م سه‌ركردایه‌تیی مسته‌فا بارزانی له دۆخی شۆڕشدا بووه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا په‌نایه‌كی هه‌میشه‌یی بوو بۆ هه‌موو نیشتیمانپه‌روه‌رانی عیراق به‌ده‌ر له پاشخانی ئایدیۆلۆژییان.
فه‌لسه‌فه‌ی تێكۆشانی بارزانی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه بوو، ئه‌گه‌ر نه‌توانین دۆست بۆ دۆزی ڕه‌وای میلله‌ته‌كه‌مان په‌یدا بكه‌ین، ئه‌وا به لای كه‌مه‌وه ده‌توانین دوژمن و نه‌یارانی كه‌م بكه‌ینه‌وه. هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌دا گه‌لی عیراق هاوسۆز و پشتیوانی كورد و خه‌باته‌كه‌ی بوو، به پێچه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا كه له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا دژایه‌تیی كوردی كردووه..
ئه‌مڕۆ ئێمه كه خاوه‌ن قه‌واره‌ی فیدراڵین له عیراقدا، به تێكڕا قه‌رزداری بارزانین، به‌وه‌ی هه‌ر چییه‌كی بۆ كورد له‌م به‌شه‌ی كوردستان به‌دی هاتووه، سه‌رچاوه‌كه‌ی بۆ خه‌بات و فیداكاری و ڕۆڵی كاریگه‌ری سه‌ركردایه‌تیی بارزانیی نه‌مر ده‌گه‌ڕێته‌وه. باشترین ئه‌مه‌ك و وه‌فاداریش بۆ ئه‌و سه‌ركرده‌یه و كاریزمای نه‌ته‌وه‌ییمان، درێژه‌دانه به ڕێڕه‌و و ڕێبازه‌كه‌ی ئه‌و، تا بتوانین كاروانی خه‌باتی گه‌لی سته‌مدیده‌مان بگەیەنینە دوامه‌نزڵ.
مسته‌فا بارزانی ڕابه‌ر و مامۆستای تێكۆشانمان بوو، ئه‌و فێری كردین ئه‌گه‌ر هیچمان پێ نه‌كرێت، سه‌ر بۆ دوژمنانی كورد نه‌وی نه‌كه‌ین و پشت له خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی خۆمان نه‌كه‌ین تا ئه‌و ڕۆژه‌ی به ئامانجی پیرۆزی خۆمان ده‌گه‌ین. جۆشدان و كارا كردنی فه‌لسه‌فه و ڕێبازی بارزانی له تێكۆشان و خۆڕاگری، توێشووی تێكۆشانێكه كه خزمه‌ت به ئه‌مڕۆی پرسی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌كات، به‌وه‌ی كار بۆ به‌هێز كردنی قه‌واره‌ی سیاسیی كوردستان بكه‌ین و گیانی ته‌بایی و یەکڕیزی له‌نێو میلله‌ته‌كه‌مان به‌هێز بكه‌ین. جیهانی ئه‌مڕۆ كه چه‌ندین كێشه و قه‌یران به‌رۆكی گرتووه، به دڵنیاییه‌وه له وڵاتی ئێمه‌شدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت. بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ش، یه‌ك ده‌نگیی گه‌له‌كه‌مان و هاوڕیزیی هێز و لایه‌نانی سیاسیی كوردستان، له لایه‌ك وه‌فادارییه بۆ ئه‌و ڕێبازه‌ی ڕابه‌ری مه‌زن مسته‌فا بارزانی به كردار نه‌خشه‌ی كێشاوه، له لایه‌كی دیكه‌وه ئایینده‌یه‌كی گه‌ش و پرشنگدار بۆ گه‌له‌كه‌مان مسۆگه‌ر ده‌كات.
بۆ هه‌میشه، ئه‌مه‌ك و وه‌فاداری بۆ سه‌ركرده‌ی نه‌مری نه‌ته‌وه‌كه‌مان بارزانیی نه‌مر
بژی كورد، بژی كوردستان