گۆتێرێس: خۆشحاڵم کە هاتمەوە هەرێمی کوردستان

سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایده‌گه‌یه‌نێت، بودجەی فیدڕاڵی و پرسی نەوت و گاز، دەبێ رێککەوتنیان لەسەر بکرێت.

ئه‌مڕۆ 2/3/2023 ، ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی له‌ هه‌ولێره‌وه‌ رایگه‌یاند، خۆشحاڵم کە هاتمەوە هەرێمی کوردستان.

سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان راشیگه‌یاند، بودجەی فیدڕاڵی و پرسی نەوت و گاز دەبێ رێککەوتنیان لەسەربکرێت و هه‌روه‌ها ده‌بێت رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێبکرێت.

ده‌شڵێت: “من لە عێراقم، ئەوەی لەم وڵاتە روودەدات سەرچاوەیە بۆ هیوا”.

گۆتێرێس دووپاتیكرده‌وه‌، كه‌ حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هاندەدەم بۆ ئەوەی ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، گەیشتن بە ئایندەیەکی گەش پێویستی بە هەنگاوی ئەمڕۆیە.

جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، بۆ ئایندەیەکی گەش، نەتەوەیەکگرتووەکان پاڵپشتی هەرێمی کوردستان ده‌كات .

سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان روونیشیكرده‌وه‌، خۆشحاڵم لەگەڵ سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمانی كوردستان کۆبوومەوە.

سه‌باره‌ت به‌ كه‌مپی هۆله‌وه‌، گۆتێرێس هۆشداریدا كه‌ ئه‌و كه‌مپه‌ بۆمبێكی تەوقیتکراوه‌.

گۆتێرێس له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی پەیامنێری کوردستان24 له‌باره‌ی دۆخی ئه‌منی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، گوتی: “لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، له‌باره‌ی کێشە ئەمنییه‌كانی ناوچە کوردستانییەکان گفتوگۆمان کرد”.

گوتیشی: “لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، باسی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدامان کرد لەسەر یاسای نەوت و گاز و بودجە، هه‌روه‌ها باسمان لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کرد، کە دەبێ لە بەرژەوەندی هەموو گەلی عێراقدا بێت”.

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌كانی نێوان گۆتێرێس و هه‌رێمی كوردستان، سكرتیری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت: لە ئەنجامی ئەو کارەساتانەی بەسەر کورد دا هاتوون، لەگەڵ بەڕێزان جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی وەک هاوڕێمان لێهات.

روونیشیكرده‌وه‌، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ هاوکاری عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.

دڵخوازەكانتان