پارتی و یەکێتی شەممە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان کۆدەبنەوە
بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، رۆژی شەممە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر بۆ تاوتوێکردنی بابەتەکانی جێگەی مشتومڕ لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبنەوە و بابەتی کۆتای پێکهاتەکان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دوو تەوەری سەرەکی دەبن.
هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند: ” کۆبوونەوەکە بۆ تەواوکردنی کۆبوونەوەکەی رۆژی 28ـی مانگی رابردووە و تێیدا باسی ئەو بابەتانە دەکرێت کە لەنێوان هەردوولا ناکۆکییان لەسەرە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.”
گوتی: “ئێمە وەکو پارتی لەبارەی پرسی کۆتاکان پێمان وایە نە مافی ئێمەیە و نە مافی لایەنی دیکەیە دەستوەردان لەو بابەتە بکەین. دەبێت پێکهاتەکان خۆیان ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە.”
بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە لەبارەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە پارتی دیموکراتی کوردستان لاریی نییە لەوەی کۆمیسیۆنی ئێستا وەکو خۆی بمێنێتەوە یان بگۆڕدرێت، واتە لەسەر ئەو بابەتە هیچ پارێزبەندییەکیان نییە.
لەبارەی ئەو خاڵانەش کە لە کۆبوونەوەی رۆژی 28ـی مانگی رابردوو لەسەری رێککەوتن، هاوار محەممەد گوتی: “لەگەڵ یەکێتی رێککەوتین لەسەر ئەوەی سیستمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چوار بازنە بێت، واتە لەسەر بنچینەی هەر پارێزگایەک و بازنەیەک بێت؛ هەروەها رێککەوتین لەسەر ئەوەی کۆمیسیۆن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامێرەکانی دەنگدان دەستبخەن، جگە لەوە ئێمە، لارییمان نییە لەوەی پشت بە ئامارەکانی دەستەی ئامار و وەزارەتی پلاندانان یان بازرگانیی عێراق ببەسترێت تایبەت بە ئاماری دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.”