گۆتێرێس سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عێراق به‌ نایاب وه‌سفكرد

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، تاووتوێی پرسی ئاواره‌كان، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئالنگه‌رییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و پرسی مافی مرۆڤیان كرد.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 1ـی ئادار / مارسی 2023) راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتیری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌باره‌ی ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌، ئالنگارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و ژینگه‌ و ئابووری، هه‌روه‌ها پرسی ئاواره‌كان، كۆبوونه‌وه‌.

سوودانی له‌میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ گۆتێرێس، سوپاسی نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی كرد، بۆ ئه‌و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌نجامی ده‌دات.

هه‌روه‌ها سوودانی جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، عێراق له‌ قه‌یرانی سیاسی رزگاری بووه‌. راشیگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق كاری كردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ژینگه‌یی و ئابوورییه‌كان.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ گۆتێرێس سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عێراق به‌ نایاب وه‌سفكرد، پشتگیری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ بواره‌كانی كه‌شوهه‌وا و ئاواره‌كان دووپاتكرده‌وه‌.

دڵخوازەكانتان