“لەسەر زۆربەی پرسەكانی نێوانماتن ڕێكەوتوین”

دوای كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی و مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتی له‌ هه‌ولێر، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ده‌رئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌ خرایه‌ڕوو، پارتی و یه‌كێتیش بڕیاریاندا له‌سه‌ر ئاستی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانیان به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ گفتوگۆی زیاتر بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (28ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا هه‌ریه‌كه‌ له‌ زانا مه‌لا خالید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و لوقمان وه‌ردی جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان جه‌ختیان له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌ لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌مساڵدا كرده‌وه‌.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، زانا مه‌لا خالید، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، هه‌ردوولا هاوڕابووین له‌وه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان ناچاری بووه‌ و ئێستاش هاوڕاین له‌مساڵدا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامبدرێت، هه‌روه‌ك له‌ یاسای درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی یاسایی په‌رله‌ماندا هاتووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ خاڵه‌كانی رێككه‌وتنی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر ئاستی ده‌زگای هه‌ڵبژاردن، زانا مه‌لا خالید روونیكرده‌وه‌، له‌سه‌ر دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و شێوازی هه‌ڵبژاردنی لیسته‌كان رێككه‌وتوون و ئه‌و جیاوازیه‌ش ماوه‌ له‌سه‌ر شێوازی هه‌ڵبژاردنی كورسی كۆتای پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان راشیگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا رێككه‌وتوون به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌سه‌ر ئاستی ده‌زگای هه‌ڵبژاردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ كۆببنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی راوێژ له‌سه‌ر كۆی پرسه‌كانی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و دواتریش سه‌باره‌ت به‌ كورسی كۆتاكان، له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان دانیشن بۆ ئه‌وه‌ی رای ئه‌وانیش له‌سه‌ر شێوازی هه‌ڵبژاردن وه‌ربگرن.

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا، لوقمان وه‌ردی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه‌، دانیشتنی ئه‌مڕۆیان له‌گه‌ڵ پارتی له‌سه‌ر ئاستی ده‌زگای هه‌ڵبژاردن، ئه‌رێنی بووه‌ و بڕیاریانداوه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ راوێژبكه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنی كۆتایی بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌مساڵدا.

جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان روونیكرده‌وه‌، پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانبه‌ چوار بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت و پشت به‌ تۆماری ده‌نگدانی بایۆمه‌تری كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ببه‌سترێت.

لوقمان وەردی ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، هەوڵدەدەن له دانیشتنەکانی داهاتوو لەسەر ئەو خاڵانەی ماون لەگەڵ پارتی رێکبکەون و دووپاتیكرده‌وه‌، لەسەر شێوازی دابەشکردنی کورسییەکان بۆ پێکهاتەکان رای جیاوازیان له‌گه‌ڵ پارتی هه‌یه‌ به‌ڵام دوای وەرگرتنی رای لایەنە سیاسییەکانی دیكه‌ بڕیاری کۆتایی دەدرێت.

دڵخوازەكانتان