د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان : راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ رێکخراوی یونیتاد تاوتوێكرا
د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەردانی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن دادوەر عەبدولجەبار عەزیز، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری پێشوازیی لێکرا.
لە دیدارێکدا چەند بابەتێک تاوتوێ کران لەوانە، راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ و هەماهەنگی حکومەتی هەرێم لەگەڵ رێکخراوی یونیتاد.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە پەسەند کردنی راپۆرتی ساڵی یەکەمی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کرا و هەنگاوەکانی داهاتوو لە چوارچێوەی پلانەکە و تەحەدیاتەکانی جێبەجێکردنی و گرنگی هەماهەنگی نێوان هەموو دەسەڵاتەکان لەو پڕۆسەیەدا باس کرا.
سەبارەت بە هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێم و تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەو هەماهەنگییە بەردەوام بێت و پتەوتر بکرێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵەکانیان یەک بخەن بەتایبەتی لە بارەی ئەرشیف کردن و بە دیکیۆمێنت کردنی بەڵگەکانی تاوانەکانی داعش
سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری تیشکی خستە سەر راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە لە بارەی هەرێمی کوردستان بڵاو دەکرێنەوە لە بابەتی جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکان، ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە راپۆرتەکان زیاتر واقعی بن و تەحەدیاتەکانی بەردەم هەرێم بخەنەڕوو بەتایبەتی لە پرسی ئازادییەکان.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری پلانەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ وەسفی کرد و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی مانگانە لە نێوان نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ئەو لیژنەیەی کە لە ئەنجومەنی دادوەری بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە.