سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەفەرمی بانگهێشتی ئیمارات كرا

کۆنسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان سەردانی نێچیرڤان بارزانی کرد و بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی سەرۆکی وڵاتەکەی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیاند بۆ سەردانیکردنی ئیمارات

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-02-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئه‌حمه‌د ئيبراهيم سه‌عيد زاهرى، كۆنسوڵى گشتيى ئيمارات لە هەرێمی کوردستان كرد. 

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا؛ هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئيمارات و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان كرده‌وه و‌ دۆخى سياسى و ئابووريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر به‌غدايان تاوتوێ كرد. 

كۆنسوڵى گشتيى ئيمارات لە هەرێمی کوردستان بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی شێخ محه‌ممه‌د بن زايد ئال نه‌هيان، سه‌رۆكى ئيماراتى گەیاندە نێچیرڤان بارزانی بۆ سەردانیکردنی وڵاتەکەی. 

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی بانگهێشتنامەکە دەڵێت، سەرۆکی ئیمارات “وێڕاى سڵاو و رێز بۆ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، ئاماژه‌ى به‌ خواست و گرنگيدانى وڵاته‌كه‌ى به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و هاريكاريى هاوبه‌شى نيوانيان له‌ بواره‌ جياكاندا كردووه‌، هه‌روه‌ها بۆ گۆڕينه‌وه‌ى بيروڕا ده‌رباره‌ى به‌رژه‌وه‌ندييه‌ هاوبه‌شه‌كانى نێوان هه‌ردوولا، چاوى له‌وه‌يه‌ له‌ ئيمارات پێشوازى له‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بكات.”

نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، “به‌ خۆشحاڵييه‌وه‌ بانگهێشتنامه‌كه‌ى” سەرۆکی ئیمارات بۆ وڵاتەکە قبووڵ دەکات و پێیوایە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە لە قۆناخێکی باش و گرنگ دایە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا؛ نێچیرڤان بارزانی و کۆنسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان باسیان لە “پرسى بودجه‌ و ياساى نه‌وت و گاز له‌نێوان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق و دۆخى شنگال”ـیش کردووە.

دڵخوازەكانتان