جێگری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی: پارتی کارنامەیەکی تایبەت بە ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکووکی پێشکەش بە یۆنامی کردووە
جێگری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە کەرکووک باس لەوە دەکات، کە پارتی کارنامەیەکی تایبەت بە ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکووکی پێشکەش بە یۆنامی کردووە، پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەبێ دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە و پارتیش بگەڕێتەوە کەرکووک.
د.محەمەد خورشید، جێگری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە کەرکووک راگەیاند: ‘هیچ حاڵەتێکی جیاكاری (أستثناء) لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ کەرکووک قبوڵکراو نییە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش لە بەرنامەی وەزاریدا هەیە و دەبێ بکرێت، ئێمەش سوورین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی پارێزگاری سەپێندراو لابدرێ و کەسێک بە شایستهی هەڵبژاردن بچێتە ئەو جێگایە.’
جێگری بەرپرسی مهكتهبی رێکخستنی پارتی لە کەرکووک دەڵێ؛ ئاساییكردنهوهی دۆخی كهركووك و ههموو ناوچه كێشهلهسهرهكان، كاری لەپێشینەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لە رۆژی 6ی2ی2023، نامەیەکی ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە بۆ وەرگرتنەوەی هەموو ئەو بارەگایانەی حزبە کوردییەکان لە کەرکووک، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین کە داگیرکراون، ئەوەشی بەبیرهێناوهتهوە کە ئهوه بابهته لە خاڵی 13ی كارنامهی وەزاری حکوومەتی فیدڕاڵی عێراقدایە، گوتیشی: “سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، بەپێی ئەو نەخشە رێگایەی كه هەیە، کاری جدی لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک دەکات، چونکە ئێمە تەنیا رادەستکردنەوەی بارەگاکانمان لا گرنگ نییە، بهڵكو دهبێت دۆخهكه ئاسایی بكرێتهوه.”
ئەوەشی خستەڕوو، پێش ماوەیەک لە کۆبوونەوەی یۆنامی کە حزبە کوردییەکان تێیدا بەشداربوون، پارتی کارنەمەیەکی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووکی پێشکەش کردووە و حزبەکانیش پشتگیریان لێ کردووە، بۆیە ئومێد دەکەین هەوڵە جدییەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش وا بکات حکوومەتی فیدراڵ هەوڵی خۆیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بخەنە گەڕ، پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش پارتی بگەڕێتەوە کەرکووک.