هەرێمی كوردستان لەسەر هێڵی بومەلەرزەیە ؟

دوو بوومەلەرزە لە موسڵ روویاندا و لە هەولێر، خەبات، کەڵەک، کەورگۆسک و چەند ناوچەیەکی دیکە هەستی پێکرا و هاونیشتمانییان لە ماڵەکانیان هاتنە دەرەوە

 بوومەلەرزەی یەکەم کاژێر 2:25 خولەکی بەرەبەیان و بوومەلەرزەی دووەم کاژێر 3:10 خولەکی بەرەبەیان روویدا. 

محەممەد کەمال شارەزای کەشناسی دەڵێت:”  بوومەلەرزەی یەکەم بە گوڕی 4.3 پلەی رێختەر لە قووڵایی 5 کیلۆمەتر لە نێوان باشیک و موسڵ روویداوە، بەهۆی کەمیی قووڵایی بوومەلەرزەکە، لە هەولێر و دەوروبەری هەستی پێکراوە. 

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، “بوومەلەرزەكە بە گوڕی 4.3 پلەی رێختەر لە هەرێمی کوردستان روویدا، ناوەندی بوومەلەرزەکە لە سنووری نێوان هەولێر – موسڵ بووە و لە قوڵایی 5 کیلۆمەتر رووی داوە، لە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستان هەستی پێکراوە.”

 محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی دەڵێت “بوومەلەرزەکانی ئەم بەرەبەیانە لە ئەنجامی جووڵانی پلێتی فارسی و عەرەبی روویانداوە، کە چەند مانگێکە ئەو دوو پلێتە کەوتوونەتە جووڵە، دوای بوومەلەرزەکەی مەرەش، کە لە خولەکێکدا زیاتر لە 10 پاشلەرزە لە باکووری کوردستان روودەدەن”. 

ئەو شارەزایەی کەشناسی گوتیشی، “هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵێکی بوومەلەرزەیە، ئەو شوێنانەش کە دەکەونە سەر هێڵەکە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی گەرمیان و سلێمانین، بەڵام مەترسیی ئەوە نییە کە بوومەلەرزەی بەهێز رووبدات لە هەرێمی کوردستان”.

 محەممەد کەمال ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەری روودانی بوومەلەرزەی دیکە هەیە لە ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان و رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستانیش، پلەکانیشیان لە پێنج پلە زیاتر نابێت و ناگاتە ئاستی بوومەلەرزەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، چونکە بەهۆی ئەو بوومەلەرزانە پلێتەکانی عەرەبی و فارسی چالاک بوون و کاتی دەوێت تا ئەو چالاکبوونەیان دەوەستێت.

دڵخوازەكانتان