وەزارەتی ئەوقاف: کاتی بانگدان لە هەرێمی کوردستان رێکدەخرێتەوە

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لیژنەیەکیان بە بەشداریی شارەزایان لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان پێکهێناوە کە کاتی بانگدان رێکدەخاتەوە، بەجۆرێک لە هەموو شارێک مزگەوتەکان لە یەک کاتدا بانگ دەدەن.

نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت : “لە کۆبوونەوەیەکەدا بە بەشداریی وەزیری ئەوقاف، لیژنەیەکی باڵا بۆ رێکخستنەوەی کاتی بانگدان لە هەرێمی کوردستان پێکهێندرا. لیژنەکە دەستبەکاربووە و ئەنجامی کارەکەی بە راپۆرتێک دەداتە وەزارەت”.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، زۆر جار لە مزگەوتی شارێکدا بانگ دەدرێت و دوای چەند خولەکێک لە هەمان شار مزگەوتێکی دیکە بانگ دەدات و رایگەیاند، ئامانجیانە ئەوە نەمێنێت. گوتیشی: “رێکخستنەوەی کاتی بانگ چوار پارێزگاکە و چوار ئیدارە سەربەخۆکە دەگرێتەوە و بەگوێرەی شەرع و بەشداریی پسپۆڕان کاتەکە دیاری دەکرێت”. 

لە هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و 800 مزگەوت هەن و لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە سەرپەرشتیی دەکرێن و رێنوێنییان پێدەدرێت.

دڵخوازەكانتان