هۆشیار زێباری: ئه‌گه‌ر ساخته‌كاری بكرێت ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌

هۆشیار زێباری ده‌ڵێت ، پارتی دەیەوێت هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت، بۆ ئەم مەبەستەش لەم هەڵبژاردنەدا چاودێری نێودەوڵەتی دێنە عێراق و لە هەموو شوێنەکان چاودێریان دەبێت، هەفتانە راپۆرتی خۆیان دەدەن بە سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ئەگەری بوونی هەر گومانێک لە هەڵبژاردنەکان لەوانەیە هەڵیبوەشێننەوە ، بۆیه‌ ئێمە وێنای ئەوە دەکەین، له هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق ساختەکاری کەم بێت.

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و وه‌زیری پێشوی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌میانی بەشداری لە کەڕنەڤاڵی دەستپێکردنی بانگەشەی حزبه‌كه‌ی لە دهۆک ، رایگه‌یاند ، پارتی خاوەن مێژویه‌كی پڕ لە سەروەرییە و حیزبێکی نوێ نییە دوێنێ هاتبێت و ئەمڕۆ بێت بانگەشە بکات، پارتی حیزبێکی پڕ دەستکەوتە، بۆیە پارتی هیچ شتێک نییە شەرمی لێبکات لەوەی پێشکەشی بکات یاخود داوای بکات.

زێباری وتیشی، پارتی دەیەوێت ژمارەی کورسییەکانی زیاتر بکات لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و دەشتوانین ،چونکە پارتی سەرکردایەیتیەکی گەورە و یەکگرتووی هەیە، هەروەها خاوەن مێژوویێکی 75 ساڵە لە خزمەتی میللەت، هەموو کاتێک و لە هەموو بارودۆخێکدا خاوەن هەڵوێست و بەرپرسیارییه‌تی بووە.

ئاشكراشیكرد ، پارتی به‌مه‌به‌ست دروشمی ” بۆ داهاتووێکی باشتر و وڵاتێکی ئارام و خۆشگوزەران، پارتێکی بەهێز هەڵبژێرە…” هەڵبژاردووە.

دڵخوازەكانتان