وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: لە ساڵی ڕابردوودا 115 هەزار کرێکاری خۆماڵیمان هەبوو

وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ساڵی ڕابردوودا سەرباری کەمیی ستاف و قەیرانی دارایی، 22 هەزار سەردان بۆ پرۆژەکان کراوە، 38 هەزار پرۆژەی دەستەبەرکراومان هەیە، 138 هەزار کرێکار کاریان تێدا دەکەن کە 115 هەزار کەسیان کرێکاری ناوخۆیین.

د. عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: ”لە ساڵی 2022دا بەگشتی 22 هەزار سەردان بۆ پرۆژەکان کراوە و لەو ساڵەدا 27 هەزار و 808 کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە و 12 هەزار و 980 کرێکار لە کار تەرک کراون.”

کۆی پرۆژە دەستەبەرکراوەکان 56 هەزار و 616 پرۆژەن، هەموویان 27 هەزار کرێکار کاریان تێدا دەکەن، بەگشتی 38 هەزار و 491 پرۆژەی دەستەبەرکراومان هەیە کە 138 هەزار و 92 کرێکار کاریان تێدا دەکەن کە 115 هەزاریان کرێکاری ناوخۆیین.

گوتیشی: ”داهاتی ساڵی ڕابردوو کە 17٪ی دەستەبەر دەکرێت، 194 ملیار دینار داهاتی سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بووە و 25 ملیار دینارمان لەو سندووقە خەرج کردووە. ئێستا بەگشتی 860 ملیار دینار لەو سندووقەدا هەیە کە ٪60ی پارەکە لە هەولێرە، چونکە زۆرترین پرۆژەی گەورە و زۆرترین کرێکار لە سنووری پارێزگای هەولێرن.”

دڵخوازەكانتان