جووتیار عادل: گفتوگۆکان لە گەڵ بەغدا بەردەوامییان هەیە
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەردانە دوو رۆژییەکەیدا بۆ بەغدا، سەبارەت بە هەندێ بابەتی پەیوەندیدار بە یاسای نەوت و گاز لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەوە.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (21ـی شوبات/فێبرێوه‌ری 2023)، د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێم و ئەندامی شاندەکە، لە لێدوانێکدا بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی راگەیاند: “حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای رێكکەوتنە سیاسییەکەی پێکهێنانی حکومەتی سوودانی، بۆ داڕشتن و ئامادەکردنی یاسای بودجەی 2023 و یاسای نەوت و گاز و چەندین بابەتی پەیوەندیدار سەردانی بەغدای کرد و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ حەيان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، بەشێوەی گشتی لەسەر کۆمەڵێک بابەتی پەیوەندیدار بە یاسای نەوت و گاز گفتوگۆ کرا و گفتوگۆکانیش بەردەوامیان هەیە.”
گوتەبێژی حکومەتی هەرێم بە ئاماژەپێدان بە پێداگریی حکومەتی هەرێم بۆ رێکكەوتن لەگەڵ بەغدا، گوتی: “شاندی حکومەتی هەرێم بۆ تاووتوێکردنی پرسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ لەگەڵ تیمی حکومەتی عێراق کۆبووەوە و بڕیارە تیمێکی یاسایی بۆ تەواوکردنی داڕشتنی دەقە یاسایییەکان تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجە و یاسای نەوت و گاز، لەم دوو ڕۆژەدا سەردانی بەغدا بکات.”
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی دۆسیەی یاسای نەوت و گاز ئاماژەشی بەوەدا، لێکتێگەیشتنێک لەسەر بنەما گشتییەکان هەیە، بەڵام پێویستی بە گفتوگۆ و کۆبوونەوەی زیاتر هەیە و لیژنە هاوبەشەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، بۆ كارپێكردن بەو لێکتێگەشتنەی نێوان هەردوولا لەسەری ڕێككەوتوون، دەستبەکار دەبێت.
گوتیشی “یاسای نەوت و گاز بۆ هەموو عێراق گرنگ و پێویستییە، چونكە سێكتەری نەوت لە عێراق گرفتی زۆری هەیە و یاساشی نییە؛ ئەم سێكتەرە ئێستا بەپێی یاسای وەزارەتی نەوت کار دەکات كە لە ساڵی 1976 داڕێژراوە. بۆیە یاسای نەوت و گاز تەنیا بۆ چارەسەرکردنی كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا نییە، بەڵكوو كێشەی تەواوی عێراق چارەسەر دەکات و پێداچوونەوەش بە سێكتەری نەوتی عێراقدا دەکات.”
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لەو سەردانەدا بۆ بەغدا، لەگەڵ ئەلینا رۆمانسکی، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و پێداگیرییان لەسەر پێویستیی چارسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و بەردەوامبوونی گفتوگۆکان بۆ ئەم مەبەستە کردەوە.
شاندەکەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ عەتوان ئەلعەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە و باسیان لە هەنگاوەکانی داهاتووی پەسندکردنی پرۆژەیاسای بودجە، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد.
هه‌ر له‌وباره‌وه، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (21ـی شوبات/فێبرێوه‌ری 2023)، ئه‌لینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق له تویتێكدا هانی سه‌ردانی ئه‌م دواییه‌ی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی پرسی بودجه و نه‌وت و گاز ده‌دات و سه‌ردانه‌كه‌ی به “سه‌ركه‌وتوو” ناوبردووه.
به‌گوته‌ی رۆمانۆوسكی، چاره‌سه‌كردنی “كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان”ـی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق خزمه‌ت به “به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانییه‌كانی عێراق” ده‌گه‌یه‌نێت و، كار ده‌كات بۆ “سه‌ربه‌خۆكردنی كه‌رتی وزه” و پاراستنی سه‌قامگیری ناوچه‌كه.