ئەمڕۆ سێشەممە 21ی شوباتی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان کرد کە پێک هاتبوو لە دکتۆر ئەوسەف سەعید، جێگری وەزیری دەرەوەی هیندستان و بەڕێز براشانت پیسی، باڵوێزی هیندستان لە عێراق و بەڕێز سوبهاش چاندرا کەین، کونسوڵی هیندستان لە هەولێر.
لە دیدارەکەدا شاندی میوان پێزانینیان بۆ خەبات و تێکۆشانی سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان هەبوو و جەختیان لە ویستی وڵاتەکەیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و هیندستان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و پزیشکی و زانستی و ئاکادیمیا و مەشق و ڕاهێنان کردەوە. هەروەها ئەوەشیان ڕاگەیاند سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هیندستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
لە بەشێکی ئەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان گەلی کوردستان و گەلی هیندستانی بە مێژوویی و دێرین وەسف کرد و پشتیوانیی خۆی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دووپات کردەوە.
بارودۆخی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق تەوەری تری ئەو کۆبوونەوەیە بوون.