لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان ھەرێم و بەغدا کار بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز دەکات

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، راگەیاند، دانوستانەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا ئەنجامیان ھەبووە و لە ئێستادا لیژنەیەک ھەیە بۆ چارەکردنی پرسی نەوت و غاز لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ.

دەشڵێت بۆشایی یاسایی لە کەرتی نەوت و غازدا هەیە ، حکوومەتی فیدڕاڵ کەمتەر خەم بووە لە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز، پێشتریش لە ساڵی ٢٠٠٧ پڕۆژەیەک و دواتر لە ساڵی ٢٠١١ پڕۆژەیەکی دیکە ئامادە کراوە، بەڵام ھەر سەری نەگرت.

کێشەی نەوت و غاز بە یاسا چارە دەکرێت و بۆشایی یاسایی لە کەرتی نەوتدا نامێنێت

سەباح سوبحی وتیشی:” لە عێراق قەیرانی یاسایی لە کەرتی نەوت و غازدا هەیە، بەڵام ھیممەتێکی باش ھەیە لەلایەن حکوومەتی عێراق بە ھەماھەنگیی ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی ھەرێم و بەغدا ھاوبەشن لە بەرھەمھێنانی نەوت و غاز، لە سەرەتاشدا لەسەر ھێڵە سەرەکییەکان رێککەوتن دەکرێت و دەگەڕێنەوە بۆ دەستووری عێراق.

سوبحی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، یاسای نەوت و غاز دەسەڵاتەکانی ھەرێم و فیدڕاڵ دیاری دەکات بۆ مامەلەکردن بە کەرتی نەوت و غاز، هەروەها کەرتی نەوت رێکدەخرێتەوە لە عێراق و مافی ھەرێمی کوردستانیش دیاری دەکرێت لەسەر کێڵگەکانی پێشوو و ئەوانەشی ئێستا کاریان تێدا دەکرێت، بەپێی گوتەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش، ئەمساڵ پڕۆژەیاسای نەوت و غاز کۆتایی دێت.

دڵخوازەكانتان