پەیامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانى بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان

نێچیرڤان بارزانى، به‌بۆنه‌ی (۷٠) هەفتاهه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی یەكێتیی لاوانی دیموکراتی كوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت و سەركردایەتیی یەكێتیی لاوانی دیموکراتی كوردستان كرد. 

دەقی پەیامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانى:

هەڤاڵان سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت و سەركردایەتیی یەكێتیی لاوانی دیموکراتی كوردستان

لە حەفتاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستاندا، به‌ گەرمى پیرۆزبایی لە خۆتان و كادیر و ئەندامانی ڕێكخراوەكەتان و سەرجەم لاوانی كوردستان دەكەم،  هیوادارم ئەم یادە هاندەرێکی بەهێزتان بێت بۆ بەردەوامبوون لە کار و خەباتی زیاتر بۆ بەرگریکردن و خزمەتکردنی خواستەکانی لاوانی کوردستان.

ڕێكخراوه‌كه‌تان خاوەن مێژوویەکی پڕ سەروەری و خەباتێکی مەدەنیی نیشتمانییە. هەمیشە کۆکەرەوەی توانا و بەهرەکانی لاوانی کوردستان بووە، جگە لە بەخشینی چەندین شەهیدی قارەمان، چەندین سەرکردە و تێکۆشەری لێهاتووی بۆ گەلەکەمان پێگه‌یاندووه‌.

کار و خەباتی ڕێکخراوەیی و مەدەنیانەتان بەرز دەنرخێنین و وێڕاى سوودوەرگرتن لە ئەزموونی نەوەکانی پێش خۆتان، ده‌‌بێ بە دیدێکی نوێخواز و داهێنەرانە و میکانیزمی سەردەمیانەوە، خەباتی ڕێکخراوەییتان ئاراستە بکەن. ڕۆڵی کاریگەرتان هەبێت لە هاندان و پشتیوانیکردنى لاوانی بەهرەدار و لێهاتوو، پتەوکردنی هەستی بەرپرسیاریەتی، بڕوابەخۆبوون، گیانی هاوکاری و نیشتمانپەروەری لەنێو لاواندا.

ئەرک و ڕۆڵتان بەتایبەتى لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بەهێزکردنی بنەماکانی لێبوردەیی و ئاشتی و پێکەوەژیان، بەرپرسیاریەتییه‌کی نیشتمانیی گرنگە. یەکێتییە تێکۆشەرەکەشتان هەمیشە لە ئاستی بەرپرسیاریەتی و چاوەڕوانییە نیشتمانییەکانی گەلی کوردستاندا بووە و لەم لایەنەوە گەشبینین بە ڕۆڵی ڕێکخراوەکەتان و پشتیوانتان دەبین.

هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. 

بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان. 

دروود بۆ گیانی پاكى شەهیدانی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و هەموو شه‌هیدانى کوردستان.

نێچیرڤان بارزانى

١٨/٢/٢٠٢٣

دڵخوازەكانتان