بەشداریی هەرێمی كوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکاندا، لە ئاستی دەوڵەتاندایە

چاودێران و شارەزایانی سیاسی و ئابووری بە گرنگییەوە باس لە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی دەکەن و پێیان وایە، پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە لە ئاستێکی باڵا و دەوڵەتێکی بەهێزدایە.

د.بارزان جەوهەر، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان، ڕایگەیاند، پێگەی هەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ لەناو کۆڕبەند و کۆنفرانسە جیهانییەکاندا بەهێزتر دەبێت و لە لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکانیش لە دوبەی، دانیشتنی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕیزی پێشەوەی سەرۆکی وڵاتان و دانانی ئاڵای کوردستان لە ڕیزی ئاڵای وڵاتان، بەڵگەیە لەسەر بەهێزیی پێگەی مەسرور بارزانی و حکوومەتەکەی بەتایبەتی و هەرێمی کوردستان بەگشتی، کە ئەوە لە رووی سیاسییەوە ئەوەمان پێ دەڵێت، لە رووی ئابووریشەوە دەرخەری ئەو راستییەیە، کە هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندێکی گرنگی ئابووری بۆ ناوچەکە، گوتیشی: ”ئەوەی تێبینی دەکرێ، وڵاتانی کەنداو ئێستا نیازی مامەڵەیەکی نوێی ئابوورییان هەیە، کە هەرێمی کوردستانیش پێگەیەکی گرنگی ئەو مامەڵە ئابوورییەیە، بەڵام هەرێمی کوردستان دەیەوێ لە پێگەیەکی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو بلۆکە جیهانییەکان مامەڵە بکات، رەنگە مامەڵەی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەگەڵ رووسیا و چین، یان ئەمریکا، بچێتە قاڵبێکی ناهاوسەنگەوە، بەڵام کاتێک لە رێگەی کەنداوەوە بێت، ئەوا هیچ گرفتێکی بۆ دروست نابێت، لەو روانگەیەشەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بێ گومان پڕۆژەی تایبەت و هەرێمی کوردستانی بۆ ئەو مامەڵە نوێیانە بەدەستەوەیە، لەسەر بنەمای ئەو پڕۆژەش بەشداریی لەو لوتکەیەدا کردووە.“

ئەو شارەزا سیاسییە، ئەوەشی خستە ڕوو، ئیمارات ئێستا ناوەندێکی گەورەی بارزگانییە لەنێو وڵاتانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، ئەوا پەیوەندیی باشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیمارات خاڵێکی وەرچەرخان دەبێ، بەتایبەتی لەم قۆناغەی کە وەکوو دەبینرێ، پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان سەرۆکی ئیمارات و وڵاتانی کەنداو بەگشتی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە، کە بێ گومان ئەو پەیوەندییە کاریگەریی باشتری دەبێت لەسەر ڕێکكەوتنەکان و هاتنی زیاتری وەربەرهێنەرانی کەنداو بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەش دا: ”ئیمارات مامەڵەی بازرگانیی زۆری لە هەرێمی کوردستان هەیە و ساڵانێکی زۆرە کۆمپانیای داناغاز لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکا، هەروەها بەرنامەی زۆر پڕۆژەی دیکەی هەیە لە هەرێمی کوردستان و ئەو لوتکەیەش دەرفەتی زیاتر دەدات بە هەرێمی کوردستان، کە سوود لەو پڕۆژانە وەربگرێت و دەستکەوتێکی باشیش دەبێت بۆ هەردوولا.“

دڵخوازەكانتان