“ماوەی لێخۆشبوونی هاووڵاتییان درێژ کرایەوە”

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند تا 21/4/2023 ماوەی لێخۆشبوونی هاووڵاتییان درێژ کرایەوە کە بەهۆی نەبەستنی پێوەری ئاو سزایان درابوو.

گوتیشی: ماوەی هەشت مانگ پێش ئێستا کە ڕێژەی بەستنی پێوەر لە کوردستان ٪73 بوو، بەڵام لەگەڵ ئەو لێخۆشبوونە ئێستا بەستنی پێوەر بووەتە ٪80 و ئەوانەی بە ‌پێوەری ئاو پارە دەدەن بۆ دوو مانگ لە 12 هەزار کەمترە و بۆ ئەوانەشی پێوەریان نەبەستووە، مانگانە 45 هەزار دینارمان جێگیر کردووە.

باسی لەوەش کرد کە ئێستا یەک ملیۆن و 75 هەزار هاوبەشی ئاومان تۆمار کراوە و جگە لە پڕۆژەکانی ئاو پێنج هەزار و 730 بیری ئیرتیوازیشمان هەیە، کە ڕۆژانە سێ ملیۆن و 70 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکرێت، کە ڕۆژانە 200 تا 400 لیتر ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت و ئەوە ڕێژەی ستانداری تێ پەڕاندووە.

لەبارەی خەرجی و داهاتی سێکتەری ئاو بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم گوتی: ساڵانە داهاتی ئاومان 42 بۆ 62 ملیار دیناری عێراقییە و لە بەرامبەردا خەرجی ڕاستەوخۆی کەرتی ئاو ساڵانە 125 ملیار دینارە و ساڵانە خەرجی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ 500 ملیار دینار تێپەڕ دەکات و خەرجی هەر مەتر سێجایەک نزیکەی 510 دیناری عێراقییە. بەڵام نرخی کرێی ئاو لە 50 دینار دەست پێ دەکات تا 400 دینار کە لە 45 هەزار دیناریش تێ ناپەڕێت.

دڵخوازەكانتان