زەویلەرزەیەکی کارەساتبارو وانەیەک

سه‌لام عه‌بدوڵڵا

له‌ به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی (6) فابریوه‌ری 2023 دا زه‌مینله‌رزه‌یه‌كی به‌هێز له‌ وڵاتی توركیا و سووریای دا كه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ناوچه‌ كوردییه‌كانی گرته‌وه‌و هه‌زاران خانووی ڕووخاندو سه‌دان و بگره‌ هه‌زاران باڵه‌خانه‌ی به‌سه‌ریه‌كدا، داڕمان و، به‌پێی ئاماره‌كان له‌ توركیاو باكووری كوردستان بووه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی زیاتر له‌ بیست یه‌ك هه‌زار و به‌ پتر له‌ (80) هه‌زار بریندار خه‌ملێنرا.

له‌ سووریا و ڕۆژئاڤاش گیان له‌ده‌ستدان گه‌یشته‌ زیاتر له‌ 3 هه‌زار و هه‌زاران بریندار كه‌ بارودۆخی ئه‌و كاره‌سات و ماڵوێرانی یه‌‌ هه‌ر وه‌سف ناكرێت، لێره‌دا جێی خۆیه‌تی كه‌ ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و ده‌سپێشخه‌رییه‌ی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ به‌ هاناچوونه‌وه‌ی برایانمان له‌ باكورو رۆژئاڤا و دانیشتووه‌ ره‌سه‌نه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ بده‌ین، كه‌ زۆر به‌ خێرایی و كارامانه‌، ئه‌و ئه‌ركه‌ نیشتمانییه‌یان گرته‌ ئه‌ستۆو و له‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی یه‌كجار ناله‌بار و رێگه‌ و بانێكی زۆر سه‌ختدا خۆیان و پێداویستیه‌كانیان گه‌یانده‌ ناوچه‌ وێرانبووه‌كان.

ساڵانه‌ ملیۆنان جار زه‌ویله‌رزه‌ تۆمار ده‌كرێت، به‌ڵام زۆربه‌یان هێنده‌ لاوازن كه‌ مرۆڤ هه‌ستیان پێناكات، ساڵانه‌ش ده‌رووبه‌ری (120) زه‌ویله‌رزی به‌هێز، به‌پێی پێوه‌ری ڕێخته‌ر ده‌گاته‌ سه‌روو پله‌ی (6) و ده‌بێته‌ هۆی وێرانییه‌كی زۆرو كوشتارێكی بێشومار و ماڵوێرانیه‌كی كاره‌ساتبار، ئه‌م دیارده‌ سروشتییه‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتان ڕووده‌ده‌ن، و زانستی زه‌مینناسی ده‌ستنیشانی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ زۆرترین جار زه‌مینله‌رزه‌ی تێیدا ڕووده‌ده‌ن ده‌ستنیشان كردووه‌، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌و وڵاتانه‌ دیزانی خانووبه‌ره‌و باڵه‌خانه‌كانیان به‌جۆرێك نه‌خشاندووه‌ كه‌ كه‌مترین زیانیان پێبگات یان وه‌كو وڵاتی یابان، تا ڕاده‌یه‌كی باش چاره‌سه‌ریان بۆ دۆزیبێته‌وه‌ كه‌ تا پله‌ی (9)ی پێوه‌ری ڕێخته‌ر سه‌لامه‌ت بێت و زیانی لێنه‌كه‌وێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت زۆربه‌ی وێرانكارییه‌كان، باڵه‌خانه‌ بڵنده‌كانی گرتۆته‌وه‌و زیانی سه‌ره‌كی پێگه‌یاندوون كه‌ هه‌ندێكی بۆ نادروستی ئه‌و باڵه‌خانه‌ له‌ دیزاینی و شێوه‌ی بنیاتنانیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌رپرسانی توركیاو له‌سه‌ر زاری سه‌رۆك كۆماره‌و ئاماژه‌ی به‌ ته‌عبیری خۆی، به‌ كه‌مته‌رخه‌می و كه‌موكوڕی ئه‌و جۆره‌ بیناسازییه‌داو به‌رپرسیاری خستۆته‌ ئه‌ستۆیان.

ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمه‌كه‌شماندا، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ده‌بنرێت، پڕۆسه‌ی رۆنانی باڵه‌خانه‌ به‌رزه‌كانه‌ له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌ ڕاده‌یه‌كی یه‌كجار زۆرو خێراو په‌له‌ بنیات ده‌نرێت، مرۆڤ ناچار ده‌كات ئه‌و پرسیاره‌ بكات، كه‌ ئایا ئه‌م باڵه‌خانانه‌ش له‌كاتی زه‌مینله‌رزه‌و كاره‌ساتدا به‌رگه‌ ده‌گرن؟

ئایا له‌ دیزاینی ئه‌م هه‌موو باڵه‌خانه‌ یه‌كجار به‌رزانه‌دا حساب بۆ زه‌مینله‌رزه‌و سه‌لامه‌تی هاووڵاتییان كراوه‌؟ پرسیار ئه‌وه‌یه‌ گه‌ر نه‌كراوه‌:

دتوانرێت چی بكرێت؟ یان ده‌كرێت وانه‌یه‌ك له‌م كاره‌سات و ماڵوێرانییه‌ وه‌ربگیرێت؟

دڵخوازەكانتان