جووتیار عادل: بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت کەمپەینی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکە بەڕێوە دەچێت

. جووتیار عادل، گوته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا باسی لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران کرد و ڕایگەیاند، بەڕێز سەرۆکی حکوومەت پێشنیاری کەمپەینی کۆکردنەوە و گەیاندنی کۆمەک و هاوکاریی بۆ زیانلێکەتوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا خستە ڕوو و ئەنجوومەنی وەزیرانیش پێشنیارەکەی پەسند کرد.

د. جووتیار عادل گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانی 7 و 8 و 9ی ئەم مانگەی کردە پشوو بۆ ئەوەی زیاتر لە دۆخی ئەو بوومەلەرزەیە ئاگادار بین و لەسەر ڕاپۆرتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئەم بڕیارە درا بۆ پاراستنی سەر و ماڵی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش لە ئەگەری لێکەوتەکانی ئەو بوومەلەرزەیەی لە تورکیا و سووریا ڕووی دا.

گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا: هەر لەم چوارچێوەیەدا بەڕێز سەرۆکی حکوومەت پێشنیاری کەمپەینێکی کۆکردنەوە و گەیاندنی کۆمەک و هاوکاریی بۆ هەردوو وڵات خستە ڕوو و ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیارەکەی پەسند کرد بۆ ئاراستەکردنی کۆمەک و هاوکارییەکان لەژێر سەرپەرشتیی پارێزگارەکان و سەرپەرشتی ئێدارە سەربەخۆکاندا.

گوتیشی: تیمەکانی ئێمە ئێستا لە تورکیا لە کارەکانی خۆیان بەردەوامن و نزیکەی 84 کارمەندی کەرتی تەندروستیی ئێمە چوون بۆ ئەوێ و هەوڵەکان بۆ گەیاندنی تیمی هاوکاری بۆ سووریاش بەردەوامن، بۆ سووریا هەندێک بەربەست هەن کە هیوادارین بەربەستەکان نەمێنن.

ڕوونیشی کردەوە: دیارە تیمەکەی ئێمە بۆ تورکیا لە 84 کارمەندی تەندروستی پێک دێت و 25 ئامبوڵانسی فریاگوزاری نێردراوە، هەروەها 10 تیم لە پارێزگای هەولێر، 15 تیم لە پارێزگای دهۆک لەژێر سەرپەرشتیی د. ڕەعد نەجمەدین نێردراون کە ئەو تیمانە لە 30 پزیشک پێک دێن، شەش پزیشکی پسپۆڕی فریاکەوتن، چوار پسپۆڕی ئێسک و شکان، دوو پسپۆڕی نەشتەرگەری و یەک پسپۆڕی ڕاهێنراوی مێشک و بڕبڕەی پشت، 17 پزیشکی ڕاهێنراو لە فریاکەوتن، ئێسک و شکان و نەشتەرگەریی گشتی، 26 کارمەندی ڕاهێنراوی پێشکەوتووی بەئەزموون لە بواری وەڵامدانەوەی خێرا و چوار بارهەڵگری دەرمان کە نزیکەی 14 تۆن دەبێت. تیمەکان لە 6ی مانگەوە ڕۆیشتوون و لە شاری ئیسلاحیەی پارێزگای غازی عەنتاب (دیلۆک) کارەکانی خۆیان ڕادەپەڕێنن.

ڕایشیگەیاند: هەم سەرۆکی حکوومەت و هەم حکوومەت بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ پاڵپشتیی دارایی و لۆجستی و سیاسیی تیمەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

د. جووتیار عادل سەبارەت بە تەوەرەکانی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران گوتی: تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی ئەنجوومەنی وەزیران گەیاندنی ڕێکارەکانی هۆشیاری سەبارەت بە بوومەلەرزە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بوو لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و دامودەزگای پەیوەست بەو بابەتەوە. لەو پەیوەندییەدا وەزارەتەکانی ناوخۆ، تەندروستی، ئاوەدانکردنەوە و شارەوانی دەستیان بە ئامادەکارییەکانی خۆیان کردووە بۆ پاراستنی گیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەش دا کە لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، یاسای متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا کە پێشتر دەرچووبوو، بەڵام پەیڕەوەکەی مابوو، بە کۆی دەنگ پەسند کرا و ئەوەش بەشێکە لە سیاستی حکوومەت کە مەبەستیەتی ئاستی زانستیی دامودەزگاکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بەرز بکاتەوە.

دڵخوازەكانتان