“پارتی ئامادەیە بۆ ھەڵبژاردن و پێویستە چیی تر پرۆسەی ھەڵبژاردن دوا نەخرێت”

بەرپرسی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی لە سلێمانی ئاشکرای کرد، پارتی سێ پێشنیاری خستووەتە بەردەم لایەنە سیاسییەکان بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و دەشڵێت، دواخستنی پرۆسەی ھەڵبژاردن ھیچ بەھانەیەک ھەڵناگرێت.

ڕزگار ئەژی گۆران، بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە سلێمانی، ڕاگەیاند: “پارتی ئامادەیە بۆ ھەڵبژاردن و پێویستە چیی تر پرۆسەی ھەڵبژاردن دوا نەخرێت، چونکە ساڵی ڕابردوو تەمەنی پەرلەمان بۆ ئەوە درێژ کرایەوە لایەنەکان لەبارەی پرسی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن بگەنە ڕێککەوتن، ئێستا ھیچ بەھانەیەک نەماوە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن، دروستکردنی ئاستەنگ لە بەردەم پرۆسەکە ھیچ بەھانەیەک ھەڵناگرێت.”

دەشڵێت: “لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنەوە پارتی سێ پێشنیاری خستووەتە بەردەم لایەنەکان، ئەویش کاراکردنەوەی کۆمسیۆن لەسەر بنەمای ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، یان عێراق، پێشنیاری دووەم دەستەیەکی دادوەری کۆمسیۆن بەڕێوە ببات بۆ ئەم جارە پێشنیاری سێیەم کاراکردنەوەی ھەمان کۆمسیۆنی ئێستایە.

لەبارەی پێکھاتەکانەوە دەڵێت: “پارتی ھەڵوێستی ئاشکرایە لەبارەی کورسیی کۆتاکان و پێکھاتەکان، ئەوان بە یاسا ١١ کورسییان ھەیە لە پەرلەمانی کوردستان و پارتی دەستوەردان ناکات لە پرسی کورسیی کۆتاکان، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ئەوان خۆیان بڕیار بدەن و پێکھاتەکان چ بڕیارێک بدەن پارتی ڕێز لە بڕیارەکەیان دەگرێت.”

ڕزگار ئەژی گۆران ڕوونی کردەوە: “ھیچ ئاستەنگێک نەماوە لە بەردەم ھەڵبژاردن و پێویستە لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن، چونکە پارتی ئامادەیە لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی ھەڵبژاردن شێوازی ھەڵبژاردنیش گۆڕانکاریی تێدا بکرێت و بکرێتە فرەبازنەیی، ئەم نەرمینواندنەی پارتی بۆ ئەوەیە چیی تر پرۆسەکە دوا نەخرێت و کاریگەریی لەسەر ناوبانگی ھەرێمی کوردستان نەکات.”

دڵخوازەكانتان