بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆ: خراپی بارودۆخی ئهمنی ناوچەکە رێگرە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شهنگال
بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی ههماههنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، رێککەوتنامەی شنگال جێبەجێنەکراوە و رێگرە لە گەڕانەوەی ئاوارەکانیش بۆ شنگال.
حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی ههماههنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومهتی هەرێمی کوردستان راگەیاند: ‘320 هەزار ئاوارە کە ناسنامهییان شهنگالە لە هەرێمی کوردستانن و ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچهكهی خۆیان، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پاڵپشتی ئارەزوومەندانەی گەڕانەوەیان دەکات، تیمان لە هەموو شارەکان بۆ تۆمارکردنی ئەو خەڵکە ئاوارەیە هەیە کە ویستیان هەیە بگەڕێنەوە، بەڵام بەزۆر کەس ناگەڕێنینەوە.’
بەرپرسەکەی وەزارەتی ناوخۆی گوتیشی؛ لە ماوەی رابردوودا 700 خێزان ناویان نووسیوه بگەڕێنەوە بۆ شنگال، بەڵام کاتێک بابەتەکە گەیشت بەوەی بە چاوی خۆیان خزمەتگوزاری و رەوشی ئەمنی شنگال ببینن، لەو ژمارەیە تەنیا 39 خێزان رازی بوون بگهڕێنهوه شهنگال، ئەوانی دیکە پەشیمان بوونەوە، هۆکارەکەش خراپی رەوشی ئەمنی و خراپی ژێرخانی ئابووری و نهبوونی خزمەتگوزارییه.
ئەوەشی روونکردەوە کە تا رێککەوتننامەی شهنگال کە لەنێوان ههولێر و بهغدا بەو میکانیزمەی بۆی دانراوە جێبەجێ نەکرێت، هەروەها سەروماڵی هاووڵاتییان پارێزراو نەبێت و دڵنیاییان پێ نەدرێت، خەڵک ناگەڕێتەوە. لەلایەکی دیکەش دەبێ گرووپە چەکدار و میلیشیا لە یاسا دەرچووهكان لە شهنگال دهربكرێن.
حسێن کەلاری سەبارەت بە گەڕانەوەی خەڵکی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کە بەهۆی خراپی رەوشی ئەمنییەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، راگەیاند: “زۆر بەکەمی ئاوارەکانی ئەنبار، سەڵاحەدین، نەینەوا و دیالە دەگەڕێنەوە ناوچهكانی خۆیان، چونکە لە دۆخی ئەمنی شوێنەکانیان دڵنیانین و پارێزراو نین.”