هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی رژێمی ئێران دوو مامۆستای ئاینی كورديان ڕفاند

دوو مامۆستای ئایینیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی مەلا محەممەد جەمالەلدین واژی و مەلا شەریف محەممەدپوور، دوای هێرشی هێزە ئه‌منییه‌كانی ئێران بۆ سەر ماڵەکانیان ڕفێندران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو،دوێنێ دووشه‌ممه‌23ى1ى2023، دوو مامۆستای ئایینی خەڵکی گوندی “پەسوێ” سەر بە پیرانشار بەناوەکانی مەلا محەممەد جەمالەلدین واژی و مەلا شەریف محەممەدپوور، لەلایەن  هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێرانه‌وه‌ ڕفێندراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار كه‌ به‌هه‌نگاوی راگه‌یاندووه‌، هێزە ئه‌منییه‌كانی ئێران لە کاتی ڕفاندنی ئەم دوو مامۆستای ئایینییە، توندوتیژی و لێدانیان بەکارهێناوە و هەروەها دەستیان بەسەر کەلوپەلی شەخسی ناوبراونیشدا گرتووە.

هه‌نگاو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، دەستبەسەرکرانی ئەم دوو مامۆستای ئایینییە لە کاتێکدا بووە، کە مامۆستایانی ئایینیی شارەکانی پیرانشار، شنۆ و نەغەدە، ڕاگەیاندراوی ژمارە 2ی خۆیان سەبارەت بە سەرکوتی خۆپیشاندان و بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم دواییە بڵاوکربووەوە.

لەم ڕاگەیاندراوەدا، ئاماژە بە له‌ سێداره‌دان، ڕەشبگیری، ئەشکەنجەی دەستبەسەرکراون و سەپاندنی سزای قورس بە سەر هاووڵاتییان لەلایەن ناوەندەکانی حکومەتەوە کراوە.

له‌كۆتاییدا رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاندووه‌، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم دوو مامۆستای ئایینییە لەبەردەستدا نییە.

دڵخوازەكانتان