د. ڤیان: کۆبوونەوەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێک

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆکان بۆ یەکلاکردنەوەی لیژنەکان بەردەوامن و دەشڵێ: “هەوڵ دەدەین ئەو لیژنانە بەر کورد بکەون، کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیەوە هەیە”.

د. ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “گفتوگۆ بۆ یەکلاکردنەوەی لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق بەردەوامە و هەوڵ دەدەین پشکی کورد لە لیژنەکان بپارێزین و ژمارەیەکی باشمان بەرکەوێت، کە سەرۆکی لیژنە یاخود جێگرەکان بۆ کورد بن لە لیژنە گرنگەکان، بۆیە جارێ گفتوگۆ دەکرێت و یەکلا نەبووەتەوە چەند لیژنە بەر کورد دەکەون”.

سەبری گوتیشی: “لیژنەی گرنگ هەن، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین ئەو لیژنانەی گرنگن بۆ هەرێمی کوردستان و پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستانەوە هەیە، ئەو لیژنانە بۆ کورد بن، ئینجا سەرۆک یاخود جێگری سەرۆک لیژنە بۆ کورد بێت”.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: “کۆبوونەوەکان بەردەوامن لە نێوان سەرۆکایەتیی لیژنەکان و سەرۆکایەتیی پەرلەمان، بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێک و ئێمەش کار دەکەین کە ئەنجامەکان بە شێوەیەکی گشتی بۆ کورد و بە تایبەتی بۆ پارتی باش بن”.

دڵخوازەكانتان