لقی ٢٢ی پارتی بۆ یەكێتی : یەكێتی بۆ سلێمانی، بووەتە بارێکی گران

لقی ٢٢ی پارتی بۆ یەكێتی : ”ئێستا یەکێتیی نوێ نەک تەنیا بۆ حکوومەتی هەرێم، بۆ سلێمانی، بووەتە بارێکی گران

لە وەڵامی لێدوانێكی پڕ چەواشەكاریی بەرپرسی لقی گەرمیانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، بەشی روشنبیریی لقی ٢٢ی گەرمیان روونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە رایگەیاندوە: ”کابینەی نۆیەم، لەسەر بنەمای ڕێکەوتنی سیاسی و ئیداری لەنێوان پارتی و گۆڕان و پارتی و یەکێتی دامەزرا بە سەرۆکایەتیی جەنابی کاک مەسرور بارزانی، بە ئامانجی نەهێشتنی سیمای دووئیدارەی و ئەنجامدانی چاکسازی و تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی هەمەلایەنە، بێ جیاوازی لە سەرتاسەری کوردستاندا، هەموو ئەمانەش بۆ بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز، بەڵام یەکێتی نیشتمانی، کە هاوبەشێکی سەرەکیی حکوومەتە، بەهۆی تەنگژەی ناوخۆیی و هاتنە سەر کاری کۆمەڵێ خەڵکی بێ ئەزموون و بێ ستراتیژ، هەر لە سەرەتاوە کەوتنە بەهانە و کۆسپ دروستکرن لەبەردەم پلان و بەرنامەی حکوومەتی هەرێمدا، بۆ ئەوەی کێشەی ناوخۆییەکانی خۆیان لەبیری خەڵک ببەنەوە و لەپەنای دروستکردنی قەیران و تەنگژەوە، بەردەوامی بە ڕاوڕووت و خۆسەپاندن بدەن.“

راشیگەیاند: ”بەڵام کاتێک هاوبەشەکەت لە حکوومەت لەبری کاری هاوبەش بۆ سەرکەوتنی کارنامەی کابینەی نوێ و تێپەڕاندنی ئاریشەکان، سەرقاڵی قاجاخچێتی و سەرانەسەندن و تیرۆر و تۆقاندن و خۆسەپاندن بێت، دەبێ چاوەڕێی چی بکەین؟ بێگومان ئەرکی حکوومەتە بەرژەوەندیی خەڵک بپارێزێ و سنوورێک بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ دابنێت و ڕای گشتیی لێ ئاگادار بكاته‌وه‌.“

ئاماژەی بەوەش کردووە: ”پێمان سەیرە کە چەواشەکاری دەکەن و ڕاستییەکان دەشارنەوە، ئەرێ هەر حزبەکەی ئێوە نەبوو پاروپێرار هەوڵی دەدا سلێمانییش بە دەردی کەرکووک و دووز و خانەقین ببەن؟ هەر ئێوە نەبوون داوای لامەرکەزیی ئیداری و داراییتان دەکرد بۆ سلێمانی و ناوچەكانی كە خۆتان سەپاندووە بەسەریدا؟ كەچی لە کاتێک دەسەڵاتتان پێ درا دەستان برد بۆ بردنی پارەی بانکەکان و ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەکان و دواخستنی مووچەی فەرمانبەران و دواتر تیرۆر و تۆقاندنیش. هەر بۆ ئاگاداریتان نموونەی ئەو حکومڕانیەی ئێوە کە ئێستا لە زۆنی سلێمانی دەیکەن لەهەموو دونیا بگەڕێ رەنگە تەنیا لە سۆماڵ هەبێت!“

لقی ٢٢ی پارتی هەروەها بە یەكێتی دەڵێت: ”ڕاستییەک هەیە پێویستە بیزانن، ئێستا یەکێتیی نوێ نەک تەنیا بۆ حکوومەتی هەرێم، بەڵکوو بۆ کوردستان بەگشتی و بۆ ئەو ناوچەیەیە ناوتان لێ ناوە (زۆنی سەوز) و بەتایبەتییش بۆ سلێمانی، بووەتە بارێکی گران و هێزێکی خۆسەپێنی بێ خێر، کێشەکانتان ژیان و گوزەرانی خەڵکی لەو دەڤەرانە تێکداوە و لە ئاستی کوردستانیش بوونەتە کۆسپ لەبەردەم حکوومەتێکی سەرتاسەری و هێزێکی نیشتمانی و کوردستانێکی ئارام و ئاوەدان و سەقامگیر، دیارە هێشتا ئێوە لەوە تێنەگەیشتوون، کە ئەم سەردەمە جیاوازە و خەڵک زۆر لەوە هۆشیارترە بەقسەی بێ بنەما بڕوا بکەن، خەڵک ئێستا کرداری دەوێ نەک قسە، چونکە قسە ناچێتە گیرفانەوە!“

هەروەها دەڵێت:‌ ”چەواشەکاری چیتر دادتان نادا و بەکوردی پێتان دەڵێین سەردەمی “بانێک و دوو هەوا” بەسەر چوو، یان دەبێ لەناو حکوومەت بن و پابەند بن بە بەرنامەی کاری حکوومەتەوە، یان بۆ خۆتان بژارەیەكی تر هەڵبژێرن، بەڵکوو سوودی لێ ببینن، چونکە هەڵبژاردنی داهاتووش ئەگەر ئەم جارەش خۆتان لێ نەشارنەوە زۆری نەماوە، بەو هیوایەین ڕێگە لە ساختەکاری بگیرێت بۆ ئەوەی باجەکەی بە چاوی خۆتان ببینن، کە خەڵک چۆن سزای ئەو لایەنە دەدات لەبری خزمەتکردن ڕاوڕووتی کردووە!“

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەی لقی ٢٢دا هاتووە: ”ئێستایش دەرەفەت ماوە و باشترین بژارە بۆ چارەسەری کێشەکان، پێکەوە کارکردن و دانوستان و گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی گفتووگۆ و پابەندبوونە بە ڕێکەوتنەکانەوە، بۆ ئەمەش پارتی دیموکراتی کوردستان دەرگای کراوەیە.“

دڵخوازەكانتان