راگه‌یه‌ندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی برێت مەکگۆرك

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی برێت مەکگۆرك، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئه‌فریقیا به‌ ياوه‌ريى ئامۆس هۆکستاین، نێردەی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە، بڵاوكرده‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، پێشوازی له‌و سه‌ردانه‌ی شاندنی ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌كات.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، “ئێمە پابەندی و پاڵپشتیی خۆمان بۆ په‌يوەندیی دوولایەنەی بەهێز و بەرهەمدارى عێراق و هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ حکوومەتی وڵاته‌ یەکگرتووەکاندا لەسەر بنەمای رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی دووپاتدەکەینەوە“.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، هەرێمی کوردستان لەبەردەم دۆخێکی ناڕوون و کۆمەڵێک ئاڵنگاریدایە و ئەمڕۆ، زیاتر لە هەر کاتێک، هه‌رێمی كوردستان پێویستی بە یەکگرتوویی و هاوکاریی نێوان هەموو لایەنەکان هه‌یه‌، “بەتایبەتيش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە پێکەوە دواڕۆژی ئەم هەرێمەیان لە دەستدایە“.

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەکانیش ده‌كات جیاوازییەکانیان بەلاوە بنێن و بە سنگێکی فراوانەوە کێشەکانیان لەڕێگەی گفتوگۆ و لێکگەیشتنەوە چارەسه‌ر بکەن. هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، “ئەوەی کۆماندەکاتەوە زۆر گەورەترە لەوەی لە یەکتریمان جیا دەکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین سەقامگیری و یەکڕیزی جێگیر بکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بپارێزین و پەرەیان پێ بدەین، پێویستە هەموومان بە بەرپرسیارییەتەوە هەنگاو بنێین“.

له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌شدا، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە بەرەوپێشچوونی به‌رده‌وامى چارەسه‌ری كێشه‌كانی نێوان حکومەتی فيدراڵيى و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و گه‌شبینی خۆی له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌ هەڵپەسێرداوەکان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا نیشانداوه‌

دڵخوازەكانتان