یادگار مه‌حموود: هه‌وڵی فراكسیۆنی پارتی ئه‌وه‌یه کە‌ نوێنه‌رانی كورد وه‌ك تیمی كوردستان له‌ به‌غدا پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن

هاوئاهه‌نگیی كوتله‌ كوردستانییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی به‌غدا بۆ پارێزگاری له‌ ماف و خواسته‌كانی گه‌لی كوردستان له‌ ئه‌جێندای سه‌ره‌كیی فراكسیۆنی پارتیدایه‌ و پرسی بودجه‌ و مادده‌ی 140 و پێشمه‌رگه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ سه‌ره‌كیانه‌ن کە پێویستیان به‌ یه‌كده‌نگیی نوێنه‌رانی كورد هه‌یه‌ له‌ به‌غدا.

له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، یادگار مه‌حموود، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، چه‌ند پرسێكی گرنگی خسته‌ ڕوو و گوتی: ”سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێست و ڕۆڵی په‌رله‌مان له‌ پرسی گرانبوونی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ دیناری عێراقی ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ له‌ وه‌رزی پێشووی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقدا بابه‌تی گرانبوونی دۆلار یه‌كێك بوو له‌ خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مان و داوامان كرد، چاودێریی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار بكرێ و بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ به‌های دیاریكراوی خۆی، چونكه‌ گرانبوونی دۆلار كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیان به‌تایبه‌تی چینی ده‌ستكورت و هه‌ژار هه‌یه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی په‌رله‌مان ڕاستییه‌كیش هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه، ئه‌م پرسه‌ به‌نده‌ به‌و گه‌نده‌ڵییه‌ سیسته‌ماتیكه‌ی هه‌یه‌ و ئه‌جێندای ئیقلیمییه‌وه‌، هه‌ر كه‌سیش بیهه‌وێ وای نیشان بدات كه‌ ڕێگری ده‌كات له‌ گرانبوونی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر دینار، ئه‌وه‌ زیاتر ده‌چێته‌ خانه‌ی موزایده‌وه‌، چونكه‌ گه‌مه‌كه‌ زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تر و مه‌ترسیدارتره‌، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵ ده‌دات ڕێگری بكات له‌ گرانبوونی دۆلار و چوونه ‌ده‌ره‌وه‌ی بۆ وڵاتانی دراوسێ و له‌و بواره‌شدا ئه‌مه‌ریكا چه‌ندین مه‌رجی داناوه‌ بۆ عێراق بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری بكرێ له‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دۆلاره‌ی دێته‌ عێراقه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی پرسیاره‌ ئه‌وەیه‌ كه‌ ئایا سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی چه‌نده‌ ده‌توانێ ئه‌و ڕێنمایی و پێشنیارانه‌ی ئه‌مه‌ریكا بخاته‌ واری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ بۆ ڕێگری له‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی نایاسایی دۆلار له‌ عێراق و ئایا ئه‌وانه‌ی كه‌ سوودیان ده‌ست ده‌كه‌وێ له‌ پرسی بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی دۆلاری عێراق چه‌نده‌ ڕێگه‌ ده‌ده‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌مه‌دا سه‌ر كه‌وێ؟ بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك نوێنه‌رانی خه‌ڵك ته‌نها وه‌ك ناڕه‌زاییده‌ربڕین ده‌توانین ده‌نگی خۆمان دژی گرانبوونی دۆلار به‌رز بكه‌ینه‌وه،‌ چونكه‌ یارییه‌كه‌ زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ په‌رله‌مان بتوانێ كاریگه‌ریی ئه‌وتۆی هه‌بێت.”

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ماهه‌نگیی كوتله‌ كوردستانییه‌كان پێكه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی به‌غدا، یادگار مه‌حموود ڕایگه‌یاند: خۆتان ده‌زانن یه‌كێك له‌ كوتله‌ كوردستانییه‌كان به ‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵمان هه‌ماهه‌نگ نییه‌، به‌ڵام به‌ نیسبه‌ت كوتله‌كانی تر تا ئێستا ته‌قریبه‌ن هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه،‌ به‌تایبه‌تی فراسیۆنی یه‌كیه‌تی ئه‌گه‌ر له‌ میدیاش بێت، هەماهه‌نگییه‌كه‌ش كه‌ له‌ ئه‌جێندای سه‌ره‌كیی فراكسیۆنی پارتیدایه‌ له‌ به‌غداد بۆ چه‌ند بابه‌تێكی گرنگی نیشتمانی و ده‌ستوورییه‌ كه‌ له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا خۆی ده‌بینێته‌وه،‌ وه‌ك جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140، مافه‌ سه‌ربازی و لۆجستییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ كه‌ به‌شێكه‌ له‌ مه‌نزوومه‌ی به‌رگریی عێراق و پرسی به‌شه‌ بودجه‌ی كوردستان له‌ بودجه‌ی ساڵی 2023ی عێراقدا‌‌ كه‌ له‌ ڕوانگای ئێمه‌وه‌ ئه‌مانه‌ پرسی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی گه‌لی كوردستانن له‌ عێراقدا و لانیكه‌م له‌ میدیادا فراكسیۆنه‌كانی تر دژی نین و هاواهه‌نگین، به‌ڵام به‌نیسبه‌ت پرسی بودجه‌وه‌ به‌تایبەتی ده‌بێ بزانین كاتی هاتنی پرۆژه‌یاسای گشتیی بودجه‌ی‌ عێراق كاتێك دێته‌ په‌رله‌مان، ئه‌وا هه‌ڵوێستی ئه‌م فراكسیۆنانه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ری به‌ش و مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان چی ده‌بێت؟ هه‌رچی بابه‌تی په‌یوه‌ندیی گرووپی و كه‌سیی نێوان كوتله‌كانه‌، به‌تایبه‌تی ئێمه‌ و ئه‌ندامانی فراكسیۆنی یه‌كیه‌تی زۆر باش و دۆستانه‌یه‌ و كێشه‌كانی ناو هه‌رێم كاری نه‌كردووەته‌ سه‌ر عیلاقاتی ئێمه‌ به ‌یه‌كه‌وه‌.”

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی فركسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی به‌غداد هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ”سه‌ردانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم كاك مه‌سرور بارزانی بۆ به‌غدا، كۆبوونه‌وه‌ و دانیشتن بووه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی جیا جیای عێراقی به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی ئه‌و داواكاری و مافانه‌ی كه‌ بنه‌ما و سه‌نه‌دیه‌تی ده‌ستوورییان هه‌یه‌، به‌ڵام خۆتان ده‌زانن لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان جۆراوجۆرن و هه‌ركامه‌ و به‌ ڕیتمێك كاری سیاسی ده‌كات و ئێمه‌ بینیومانه‌ له‌ ڕابردووشدا به‌تایبه‌تی له‌ 2012وه‌ هه‌ندێك لایه‌ن هه‌ن به‌ڕوونی دژایه‌تیی مافه‌كانی كوردیان كردووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا خۆتان ئاگادارن دواین كابینه‌ی حكوومه‌تی عێراقی كه‌ پێك هاتووه‌ له‌ لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و سوننه‌ و كورد، تییدا سوننه‌ و كورد داواكاری خۆیان هه‌بووه‌ كه‌ بنه‌مای ڕێكکه‌وتنی كورد و سوننه‌ بووه‌ له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و حكوومه‌تی سوودانی ده‌بێ داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ بكات و خه‌ڵكیش به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی لێی ڕازی بن و بتوانێ به‌رده‌وامی به‌ خۆی بدات تا هه‌ڵبژاردنی داهاتوو.”

یادگار مه‌حموود هه‌روه‌ها له‌سه‌ر پرسی نه‌وتی سپی بۆ هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد‌: ”له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه‌ له‌ عێراق، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ حكوومه‌تی فیدراڵی ته‌عامولێكی دروستی له‌گه‌ڵ هه‌رێم نه‌كردووه‌ له‌و بابه‌ته‌شدا، نرخی فرۆشتنی نه‌وتی سپی له‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق 40 هه‌زار دیناره‌ بۆ هه‌ر به‌رمیلێك و‌ پێویست بوو به‌ هه‌مان نرخیش بفرۆشرایه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو جیاوازیكردنه‌ش، به‌ هه‌وڵی نوێی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم، كاك مه‌سرور بارزانی، توانرا 50 ملیۆن لیتر نه‌وتی سپی دابین بكرێ بو هه‌رێمی كوردستان به‌ نرخێكی كه‌متر و گونجاوتر كه‌ جێگای ده‌ستخۆشییه‌ و هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاتری له‌ كاره‌كانیدا بۆ ده‌خوازین.”

دڵخوازەكانتان