زێباری بۆ KDP: بەپێی ئەو خشتەیە کار بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە دەکرێت

راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرۆسەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوکاریی هاوپەیمانان بەردەوامە و بەپێی ئەو خشتەیەی دانراوە کارەکان ئەنجام دەدرێن و هیچ بەربەستێکی لە بەردەمدا نییە.

بابەکر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان بەردەوامە و کاریش بەپێی ئەو خشتەیە دەکرێت کە بۆ چاکسازی و یەکخستنی پێشمەرگە بە هاوکاریی وڵاتانی هاوپەیمان دانراوە و هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە و هاوپەیمانان لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوامن و بەردەوامیش دەبن.

زێباری گوتیشی، رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ هاوپەیمانان هەیە بۆ هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و ئەوان لە هاوکارییەکانیان بەردەوامن، بۆیە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەکی باش بەڕێوە دەچێت و هیچ بەربەستێکی لە بەردەمدا نییە.

راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێم ڕوونیشی کردەوە، ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە وەزارەتی پێشمەرگە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە نابێت و لە هەموو دونیاش گۆڕانکاری دەکرێت، ئەوەی گرنگە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و هاوکارییەکانی هاوپەیمانان و هەبوونی هەماهەنگییەکی باش لە نێوان هەرێم و هاوپەیماناندا بەردەوامە.

دڵخوازەكانتان