ڕۆژنامەی فەرمیی پارتی: كێشەی یەكێتی لێڵیی پارەی سلێمانی و تیرۆرەكەی هەولێرە

ڕۆژنامەی (خەبات)ی زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامێكی توندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەداتەوە و ئاشكرای دەكات كە كێشەكانی یەكێتی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارتیش، ”زۆرن“ و كێشەی سەرەكی، لێڵیی داهاتی سلێمانی و كەیسی تیرۆركردنی عەقید هاوكار جافە لە هەولێر. 

لە سەروتاری ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا، ڕۆژنامەی (خەبات) بە وردی و لە چەند خاڵێكدا، ئاماژەی بە یەك بە یەكی ئەو خاڵانە كردووە كە وایانكردووە یەكێتی كێشە لەگەڵ حكوومەت و پارتیدا دروست بكات و جەختی لەوە كردۆتەوە كە پارتی بۆ گفتوگۆی بونیادنەرانە و چارەسەر ئامادەیە، ”نەك پینەوپەڕۆ.“

لە سەروتاری ڕۆژنامەكەدا نوسراوە :” کردەوە تیرۆرستییەکەی پایتەختی ھەرێمی کوردستان، کە لە ڕووی سیاسی و یاسایی و مرۆیی، ئێستا بۆتە کڕۆکی کێشەکان، ئەویش تەنھا لەبەرئەوەی لێکۆڵینەوە دەکرا و تاوانباران ئاشکرا کراون، ئەمەش ھستریا و کاردانەوەی جۆراوجۆری لای یەکێتی دروستکردووە، لێرەدا دەبێت یەکێتی لە ڕوونیی سیاسەتی حکوومەت و پارتی تێبگەن،

سەبارەت بەكێشەی داهات و نەگەڕانەوەی داهاتی سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ خەزێنەی گشتی سەروتاری ڕۆژنامەی خەبات نوسیویەتی داھاتی سنوورەکان و داھاتی ناوخۆ بە ڕێژەیەکی بەرچاو دیار نه‌ده‌ما، لەوکاتەوە یەکێتی داوای مەرکەزیەتی دارایی دەکات.

 حکوومەتی ھەرێم و پارتی ڕازین بەم پێشنیارە ئەگەر ڕوونی لە داھاتی ناوخۆی سلێمانی و سنووره‌كانی ھەبێت و داھاتەکە بگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت

 داھاتی نەوت بریتییە لە نزیکەی (٥٠٠) ملیۆن دۆلار کە لە 96%ی لە سنووری ھەولێر و دھۆکە، بەڵام بێ جیاوازیی پارێزگاکان، تەواوی ئەم داھاتە بە یەكسانی بۆ مووچەی فەرمانبەران دەچێت.

 حكوومەتی هەرێم بۆ مووچە پێویستی بە ٦٢٠ ملیۆن دۆلارە، ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوتەوە دێت، كەواتە ١٢٠ ملیۆن دۆلار دەمێنێ، لێرەدا لە داهاتی ناوخۆ پێویستە بۆ تەواوكردنی مووچە، هەولێر ٧٠ ملیۆن دۆلار و سلێمانیش ٥٠ ملیۆن دۆلار بدات، ئەمە جگە لەوەی بۆ دەرمان و كۆكردنەوەی خاشاك و پێداویستیی زەرووری دیكەی سنووری سلێمانی، كە مانگانە زیاتر لە ٢٥ ملیۆن دۆلاریان پێویستە، کەواتە تەنھا (٥٠) ملیۆن دۆلار پێویستە لە داھاتی ناوخۆی سلێمانی بۆ مووچە.

سەبارەت بە کێشەی ھەڵبژاردنیش ڕۆژنامەكە نویسویەتی لای پارتی ڕوونە کە ھەڵبژاردن دەبوایە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت، بەداخەوە کە دواخرا، بەبێ ئەوەی پارتی ئارەزووی بکات، ئەمەش زیانێکی زۆری بە ناوبانگی ھەرێم گەیاند و ھۆکاری سەرەکیش یەکێتی بوو، لەبەر کێشەکانی ناوخۆی، ئەمجارە پارتی لەسەر ئەوە سوورە کە دەبێت ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.

دڵخوازەكانتان