عەلی حوسێن: خاڵی هاوبەش و بەرپرسیارەتیی زۆرمان هەیە و هەموو بابەتەکان بە دیالۆگ چارەسەر دەبن

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان سلێمانی-هەڵەبجە گوتی، ئێمە و یەکێتی حکوومەتی هاوبەشمان هەیە و خاڵی هاوبەشیشمان زۆرە و هەرچی گرفتێکیش هەبێت بە دیالۆگ چارەسەر دەکرێت، چونکە ئێمە هاوپەیمانین و حکوومەتی هاوبەشمان پێک هێناوە و ڕێککەوتنی سیاسی و ئیداریشمان هەیە، بۆیە گرفت و تێبینییش دەبێت و بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر دەکرێن.

عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی-هەڵەبجە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ”ئێمە وەکوو پارتی دیموکراتی کوردستان چ پێگەمان لە حوکمڕانی لە حکوومەت و سەرۆکایەتیی هەرێم و پەیامەکانی سەرۆک بارزانی بۆ هەموو کوردستان و بەتایبەت بۆ سلێمانی پێویستە هەوڵ بدەین لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ئەوانەی لە ئیدارە و دەرەوەی ئیدارەن، هەموومان لە ئاست بەرپرسیارەتیی ئەو قۆناغە و خەڵک دابین و چی پێویستە، بەتایبەت لە سنووری سلێمانی بە هەماهەنگی ئەنجامی بدەین و گرفتەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەت و لایەنەکان چارەسەر بکەین.”

عەلی حوسێن گوتیشی: ”پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکە بەرپرسیارەتیی هەرێمی کوردستانیان لەسەر شانە، بەتایبەت پارتی و یەکێتی و ئەوانەی لە حوکمڕانین لەگەڵ ئێمە و ئێمە هاوپەیمانین و حکوومەتی هاوبەشمان پێک هێناوە و ڕێککەوتنی سیاسی و ئیداریشمان هەیە و بە تەئکید لە ئەنجامی کارکردنی پێکەوەیی تێبینی و گرفت دەبێت و گرفتەکان ئەگەر لە حکوومەتە لەناو تیمی حکوومەت چارەسەر بکرێن و ئەگەر سیاسی بێت لایەنە سیاسییەکان چارەسەری بکەن و لە نێوان پارتی و یەکێتی گرفت هەبووە لە ڕابردوو و ئێستاش گرفت دەبێت و لە ئایندەش گرفت دەبێت، چونکە حیزبی جیاین و ڕوئیای جیامان هەیە، بەڵام خاڵی هاوبەش و بەرپرسیارەتیی زۆرمان هەیە و هەموو بابەتەکان بە دیالۆگ چارەسەر دەبن و مەرجیش بۆ کەس دانانێین و نە ئێمە و نە یەکێتی و ئەگەر باسی مەرجیش کرابێت بڕوا ناکەم ئەمە پەیامی فەرمیی لایەنێکی سیاسی بێت، بۆیە ناتوانین مەرج دانێین، چونکە ناتوانین پێکەوە کار بکەین، لەبەر ئەوەی تەواوکەری یەکترین و بەرپرسیارەتیمان هاوبەشە و پێکەوە کار دەکەین و حکوومەتیشمان هاوبەشە و بەرپرسیارەتیی ئەم قۆناغە لە ئەستۆی ئێمەدایە.”

دڵخوازەكانتان