وەرگرتنى گەنم لە ههرێمى کوردستان دەستى پێکرد
بە مەبەستى وەرگرتن و ساغکردنەوەى بەرهەمى گەنمى جووتیارانى ههرێمى کوردستان، لە چوارچێوەى بەبازاڕکردنى گەنمى جووتیاران، وەرگرتنى گەنم لە ههرێمى کوردستان دەستى پێکرد.
ئهمڕۆ سێشهممه، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانیى وەزارەتى بازرگانى و پیشهسازیی حكوومهتى هەرێمى کوردستان، لە پرێس كۆنفرانسێكدا گوتى: “لە هەرێمى کوردستان دەرگاى سایلۆکان کە هەشت دانەن، دەکرێنەوە، کە یهكێكیان له پارێزگاى ههولێر، چواریشیان لە پارێزگاى سلێمانین و سێ سایلۆكهى دیكهش لە پارێزگاى دهۆکن.
باسی لەوەش کرد، كه لە پلاندایە 375 هەزار تۆن گەنم لەلایەن حکوومەتى عێراقهوه وەربگیرێت، بۆ گەنمى نمره یەک 560 هەزار دینار، بۆ نمره دوو 480 هەزار دینار و بۆ نمره سێ 420 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک دیاری کراوە.
نەوزاد شێخ کامیل ئهوهشى خسته ڕوو، بڕیار دراوە 50 هەزار بۆ هەر یەکێک لەو پلانە زیاد بكرێت، بەڵام هێشتا نەچووهتە وارى جێبەجێکردنەوە، هەوڵیش دراوە لە ماوەیەکى نزیکدا جووتیاران مافەکانى خۆیان وەربگرن.
ڕوونیشى كردهوه کە هەرێمى کوردستان گەنمى زیاتر لەو بڕە وەردەگرێ، کە حکوومەتى عیراق بۆ هەرێمى کوردستانى دیاری کردووە.