لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی هەشت هەزار زیندانی ئازاد کراون

بەڕێوەبەری چاکسازیی کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە کە ئەمڕۆ لەناو چاکسازییەکانی کوردستان پێنج هەزار و 56 سزادراو و ڕاگیڕاو هەن بەوانەشەوە کە سزای لەسێدارەدرانیان هەیە. لەوانە ئێستا سزادراوانی تیرۆر لە چاکسازییەکانی کوردستان هەزار و 550 کەسن، ئەوانەی بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە گیراون  941 کەسن و تاوانبارانی دزیکردن 551 کەسن و 441 کەسیش لە چاکسازییەکان سزای لەسێدارەدانیان هەیە.

ئیحسان عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازیی کۆمەڵایەتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی: ”لە ساڵی 2022دا کۆی سزادراون لەلایەن دادگاکانەوە حەوت هەزار و 821 کەس و ئازادکراوان حەوت هەزار و 571 کەسن و هەزار و 192 ئازادکردنی بە مەرجیش هەبووە. بۆ کارمەندانی چاکسازی 36 خول بۆ 311 کەس و 44 خول بۆ سزادراوان کراوەتەوە کە هەزار و 651 زیندانی سوودیان لێ وەرگرتووە، 139 سیمنیار بۆ سزادراوان کراوەتەوە.

گوتیشی: 26 هەزار و 199 کەس خزمەتی تەندروستییان پێشکەش کراوە و 48 هەزار و 751 کتێب خوێندراوەتەوە.

لەبارەی خوێندنیشەوە بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازی گوتی: 412 قوتابیمان لە هەموو قۆناغەکان هەیە.

گوتیشی: لە ساڵی 2022دا دوای ٪25ی سزاکانیان لە ماوەی سێ مانگدا یەک هەفتە مۆڵەتیان بۆ ناوخێزانیان پێ دەدرێت.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازی گوتی: لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سێ جار لێبووردنی گشتی دەرچووە، نزیکەی حەوت هەزار کەس لێی سوودمەند بوون، لە نێویاندا نزیکەی 150 کەس بەهۆی تاوانی دووبارە گەڕاونەتەوە چاکسازییەکان، ئێستاش لە هەوڵی ئەوەداین لێبووردنێکی دیکە دەربچێت و ئەم ماوەیەش زۆرترین کۆبوونەوە لەو بارەیەوە دەکرێت.

دڵخوازەكانتان