رێباز حەملان: ئەگەرێکی زۆرە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق ببێتە 14%

یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، مووچەی موچەخۆران بەردەوام لە کاتی خۆی دەدرێت و ئەگەرێکی زۆرە پشکی ھەرێم لە بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق لە ١٢،٦٧ ٪‏ ببێتە ١٤٪‏.

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکدا بە بۆنەی ساڵی نوێ بڵاوی کردەوە: “رێکكەوتنی ھەرێمی کوردستان و بەغدا ھەنگاوی ئەرێنی و پەرەسەندووی دەبێت، بەتایبەت ئەگەرێکی زۆرە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق لە ١٢،٦٧ ٪‏ ببێتە ١٤٪‏ ، لەگەڵ چارەسەری دۆسییە ھەڵپەسێردراوەکانی دیکە، بەپێی دەستوور.”

ئاماژەی بەوەش کردووە: “ئەگەر ئالنگاری و فاکتەری دەرەکی نەبنە ھۆی دواکەتنیان، ئەوە لە ساڵی نوێ گەشبینم بەوەی، کە لە بواری بەرھەمھێنانی نەوت و غازی سروشتی، پێ دەنێتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر و ھەناردەکردنی نەوت بەردەوام دەبێت.”

ڕێباز حەملان جەختی کردووەتەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند و پێداگر و بەردەوامە لەسەر جێبەجێکردنی کارنامە و بەرنامەکانی کابینەی نۆیەم، ئەوشی خستووەتە ڕوو: “ساڵی نوێ لە بواری رێکخستنی دارایی و چاکسازیکردن، بە کۆکردنەوەی داھاتەکانی ناوخۆ، لە باج و گومرگ و رسووماتی ناوخۆ، دەبێتە ھۆی زیادبوونی داھاتە نانەوتییەکان و کەرتی بانکی دەبێتە دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی و سیستماتیک.”

ئەو بەرپرسەی حکوومەت هەواڵێکی خۆش دەداتە مووچەخۆران، کە مووچە لە کاتی خۆیدا دەدرێت، دەشڵێت: “مووچەی موچەخۆران بەردەوام لە کاتی خۆی دەدرێت و دەبێتە هۆی بوژانەوەی باری دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان و جووڵەیەکی بەرچاوی دەبێت لە بازاڕ و جموجۆڵی بازرگانیدا.”

ڕێباز حەملان ئەوەشی گوتووە: “بە سوپاسگوزاری بۆ خۆراگڕیی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و ئەو ھەنگاوە ئەرێنییانەی کە بۆ تەبایی لایەنە سیاسییەکان دەنرێن، ئەم ھەرێمە پێگەیەکی کاریگەر و ستراتیژی ھەیە لە رووی سیاسی و ئابووری و جوگرافی و فەرھەنگی پێکەوەژیانی ھەموو پێکھاتە و ئایینەکانی تێدا کۆبوونەتەوە و لە رووی پەیوەندییە نێودەوڵەتیییەکان دەچێتە ئاستێکی گەشەسەندووتر.”

ئەو ئومێد دەکات، ساڵی 2023 لە رووی سیاسی و ئابووری ساڵێکی سەقامگیر بێت و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانیی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان فەراھەم ببێت.

دڵخوازەكانتان